هەڵمەخەڵەتێن.. دۆستە سعودییەكانمان باوكی سەركوتكارین

Draw Media

2018-08-27 13:37:00



(درەو میدیا):
كینان مالك، لەوتارێكدا كە لەڕۆژنامەی ئۆبزێرڤەری بەریتانی بڵاویكرۆتەوە دەڵێت، هەڵمەخەڵتێن، دۆستە سعودییەكانمان باوكی سەركوتكارین، پێشێلكارییەكانی دژ بەچالاكوانان لەناوخۆی سعودیە و ئەو جەنگەی محەمەد بن سەلمان جێنیشنی پادشای سعودیە لەیەمەن دەریئەخەن كە قسەكردن لەسەر چاكسازی تەنها نمایشكردنە. 
مالك ئاماژە بەوەدەكات، پێنج چالاكوانی سعودی حكومی لەسێدرارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، هەموو گوناهەكەشیان ئەوەیە تۆمەتبارن بەوەی بەشدارییان كردووە لە ناڕەزایی ئاشتیخوازانە یاخود دروشمی دژ بە رژێمیان وتوەتەوە یان وێنەی ناڕەزایەتییەكانیان گرتووە و لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاویانكردوەتەوە. 
ئەو چالاكانە، لەناویشیاندا (ئەسرا ئەلغەمغام) چالاكەوان لەبواری ژنان، كە لەناوچەی خۆرهەڵاتی سعودییە نیشتەجێن و زۆرینەی شیعە مەزهەبن، زیاتر لە دوو ساڵە زیندانیكراون و داواكاری گشتیش ئێستا داوای لەسێدارەدانیان دەكات.
نوسەر باس لەوەدەكات" ڕاستە محەمەد بن سەلمان ڕێگەیدا ژنان شۆفێری بكەن و ئیدارەی كاری تایبەتی خۆیان بدەن و ئامادەی بۆنە وەرزشییەكان بن، دەرگای سینەماكانی كردەوە و ڕێگەیدا بە سازاكردنی ئاهەنگی میوزیكی ڕۆك و شتی تر، بەڵام تاكە دەسەڵاتداری ڕەهای شانشینە، كە ئەشكەنجەدان و سەرپەڕاندن ئەنجامدەداو سیاسەتێكی دڕندانە هەناردە دەكات، لەو  نێوەوەندەشدا ئەو جەنگە كارەساتاوییەی كە دژی یەمەن بەرپای كردووە، كە بە وەحشیگەرترین جەنگەكانی سەدەی نوێ‌ دادەنرێت". 
كینان مالك لەوتارەكەیدا ئاماژە بە بۆردومانی ئەو پاسە دەكات لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی ڕیازەوە، كە دەیان منداڵی خۆێندكاری یەمەنی تێیدا كورژران و دەڵێت، سعودیە بەرپرسیاری باڵابونی هەژمونی "تیرۆری ئیسلامییە"  زیاتر لەهەر دەوڵەتێكی تر.
نوسیویەتی: سعودیە لە حەفتاكانی سەدەی ڕابردودا ڕەوتی وەهابی هەناردە دەكردو پشتیوانی ژمارەیەكی بێئەندازە خوێندنگەو مزگەوتی دەكرد، پشتیوانی دارایی بزوتنەوە جیهادییەكانی لە ئەفغانستان و سوریاش دەكرد. 
"ئوسامە بن لادن سەرۆكی پێشوی ڕێكخراوی قاعیدەو ژمارەیەكی زۆر لەوانەی بەشداری هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەریان كرد دژی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سعودی بوون. 
نوسەر ئاماژە بەیاداشتێكی حكومەتی ئەمریكا دەكات كە لەساڵی 2009دا، سعودییەی بەسەرچاوەی پشتیوانی گروپە تیرۆرستییە سونییەكان لەسەرانسەری جیهان دەستنیشانكردووە، نزیكیشیان لەم گروپانە قۆستوەتەوە بۆ بەدەستهێنانی پێگە لەوڵاتانی خۆرئاوا.
لەدرێژەی وتارەكەدا هاتووە" ملیۆنان لەوانەی ڕووبەڕووی برسێتی بونەتەوە لە یەمەن، هەزاران هاوڵاتی سعودیی زیندانیكراو لە وڵاتەكەیان و هەموو ئەو ڕەفتارانەی دەسەڵات لەدژیان ئەنجامیدەدات لە لێدان و ئەشكەنجە، تاكە هۆكاری، داواكردنی مافە بنچینییەكانە نەك شتێكی تر.  
بەگوێرەی ڕۆژنامەكە، ناهەمواری دۆخی چالاكوانان ساختەبوونی ئەو بانگەشانەی ئاشكراكردووە كە دەڵێن سعودییە بەرەو ئازادی هەنگاو دەنێت، بڕێكی زۆر زانیاری دەگەنە خۆرئاوا لەبارەی ئەنجامدانی چاكسازی بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بەتێڕوانینی 2030 كە شازادەی جێنشین تەبەنی كردووە.
دەسەڵاتدارانی سعودیە، بەدرێژایی ساڵی ڕابردوو دەیان چالاكوان و زانای ئاینی و ڕۆژنامەنوس و ڕۆشنبیریان دەستگیركردووە كە نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانی خۆی لەوباریەوە دەربڕیوە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand