درەو میدیا وردەكاری داوای لێبوردنەكەی یەكێتی لە گۆڕان بڵاودەكاتەوە

Draw Media

2018-08-23 18:44:00




( درەو میدیا):
"داوای لێبوردن و گەردن ئازادیی لە ‌بزوتنەوەی گۆڕان دەكەین.. بەتایبەت لەو روداوەی كە بەهۆی كۆی كێشەكانی شەوی تەتەڵەكردنی دەنگەكانی هەڵبژاردنی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رویدا" دوای زیاتر لە سێ مانگ لە هێرش بۆسەر گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان، دواجار یەكێتی بەمشێوەیە دوای لێبوردنی لە بزوتنەوەی گۆڕان كرد.
ئەم " داوای لێبوردنە" زیاتر لە سێ مانگە پەیوەندییەكانی نێوان گۆڕان و یەكێتی سڕكردووە، لانی كەم ئەو پەیوەندییانە راوەستاون كە لەسەر ئاستی فەرمی دەبینرێن، لەدوای روداوەكەی شەوی 12ی ئایار، چەندجارێك لەناو یەكێتیدا پرسی داوای لێبوردن لە بزوتنەوەی گۆڕان تاوتوێ كراوە، رەنگە دواینجار ئەو كۆبونەوەیەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بێت كە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، تێیدا ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی پێشنیازی ئەوەیان كرد یەكێتی داوای لێبوردن لە گۆڕان بكات، بەڵام ژمارەیەكی تریان رەتیانكردەوەو بەوهۆیەوە ئەو هەوڵە لەبارچوو.
بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای هێرشەكەی شەوی 12ی ئایارەوە، كردی بەمەرج لەسەر یەكێتی نیشتیمانی داوای لێبوردن بكات، بە پێچەوانەوە ئامادە نیە هیچ جۆرەو گفتوگۆ و كۆبونەوەیەكی سیاسی لەگەڵ یەكێتی بكات، ئەوەی بینراوە لەوكاتەوە بەشێوەیەی فەرمی هیچ كۆبونەوەیەك لەنێوان ئەم دوو لایەنەدا نەكراوە، بەڵام رون نیە كە لەپشتی پەردەوە كۆبونەوە كراوە یاخود نا.
 
داوای لێبوردنەكەی یەكێتی چۆن بوو بە بڕیار
بەپێی زانیاریەكانی درەومیدیا، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەیویست كۆتایی بەكێشەی تێكچونی پەیوەندیەكانی بهێنێت لەگەڵ گۆڕان، بەڵام یەكێتی لەسەر چارەسەری ئەو كێشەیە بوبو بە دووبەشەوە، بەرەی ناڕازی ناو یەكێتی كە زۆرینەن و لە ژمارەیەكی زۆری سەركردایەتی و ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەندی و چەند ئەندام مەكتەب سیاسیەك  و كارەكتەری سیاسی پێكهاتوون بەڵام دەسەڵاتیان لا نیە، لەگەڵ ئەوەبوون هەرچۆنێك بێت كۆتایی بەو كێشەیە بهێنرێت و داوای لێبوردن لە گۆڕان بكرێت، بەڵام باڵی كەمینەی مەكتەبی سیاسی كە دەسەڵاتیان لایە لەگەڵ ئەوە نەبوون كە داوای لێبوردن بكرێت. 
هەربۆیە باڵی ناڕازی ناو یەكێتی بڕیاریاندا بچنە سەر گۆڕەكەی نەوشیروان مستەفا و بەیاننامەیەك بخوێننەوەو داوای لێبوردن لە گۆڕان بكەن و كۆتایی بەو ناكۆكی و كێشەیە بهێنن، كاتێك باڵی مەكتەبی سیاسی و كەمینەی سەركردایەتی بەم هەنگاوە دەزانن هەوڵ ئەدەن رێگری بكەن، دوای ئەوەی بۆیان دەردەكەوێت كە ئەو باڵە بە جدیانە بۆیە ئەمان لەبەرامبەر ئەو هەنگاوەدا بەیاننامەیەكیان دەركرد و داوای لێبوردنیان كرد، لەو نێوەندەدا كە چەند رۆژێكی خایاند تا ئەو بڕیارە گەڵاڵە بوو، سەركردەكانی بزووتنەوەی گۆڕانیش گفتوگۆیان لە نێوان خۆیاندا كردووەو پێیان باش بووە. 
لەلایەكی تریشەوە بەپێی زانیاریەكانی درەو میدیا وەفدی ئێرانیەكان لە كۆبونەوەیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و داواكارییەكان بە بونی هەڵوێست و هەنگاوی هاوبەش لەسەر پرسە سیاسیەكان بەتایبەت پێكهێنانی حكومەتی عێراق، سەركردەكانی بزووتنەوەی گۆڕان بە ئێرانیەكانیان راگەیاندووە كە تا یەكێتی داوای لێبوردن نەكات ئامادەنین لەگەڵیان كۆببنەوە، هەربۆیە ئێرانیەكان داوایان لە یەكێتی كردووە كە داوای لێبوردن لە گۆڕان بكات، دیارە ئەو هەنگاوەی ئێرانیەكان هاوكات بووە لەگەڵ فشاری جدی باڵی ناڕازی یەكێتی، بۆیە بە ناچاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە بەیاننامەی رەسمیدا داوای لێبوردنی لە گۆڕان كرد. 


بۆچی لەم كاتەدا داوای لێبوردن
پرسیاری گرنگ ئەوەیە بۆچی یەكێتی لەم كاتەدا داوای لێبوردن لە گۆڕان دەكات ؟ چی تازە رویداوە و یەكێتی ناچاركردووە لەم كاتە درەنگوەختەدا داوای لێبوردن بكات؟
چەندین لێكدانەوەی جیاواز هەیە بۆ داوای لێبوردنەكەی یەكێتی لە بزوتنەوەی گۆڕان كە دەكرێت لەم خاڵانەدا كورت بكرێنەوە:
لێكدانەوەی یەكەم: داوای لێبوردنەكەی یەكێتی لەم كاتەدا، جۆرێكە لە بەكارهێنانی گۆڕان وەك كارتی فشار بەرامبەر بە پارتی، چونكە گروپی دەستڕۆیشتووی یەكێتی ترسی گەورەیان هەیە لە نزیكبوونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی بەتایبەتیش دوای تێپەڕاندنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و ئەو هەماهەنگییەی لەنێوان گۆڕان و پارتیدا كرا لەسەر ئەو پرسە، وێڕای ترسیان لە لێدوان و قسە بەردەوامەكانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لەدژی ئەو گروپەی ناو یەكێتی كە ئەو بە بەرپرسیاری "روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر"یان دەزانێ و دەیەوێت تۆڵەیان لێبكاتەوە.
لێكدانەوەی دووەم: یەكێتی دەیەوێت لەڕێگەی ئەم داوای لێبوردنەوە لە بزوتنەوەی گۆڕان پارسەنگی ئەو سەردانە بكات كە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و دوو كوڕەكەی (بافڵ و قوباد) بەمدواییانە كردویانە بۆ لای مەسعود بارزانی و دەوترێت تێیدا داوای لێبوردنیان لە بارزانی كردووە سەبارەت بە "رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر"، هەندێك كەسیش وا لێكیدەدەنەوە داوای لێبوردن لە گۆڕان بۆ لابردنی فۆكەس بێت لەسەر ئەو سەردانەی هێرۆ ئیبراهیم و كوڕەكانی بۆلای بارزانی و وا نیشانی بدەن یەكێتی پەڕەیەكی نوێ لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان هەڵدەداتەوە.
 لێكدانەوەی سێیەم: یەكێتی بە داوای لێبوردنەكەی لە بارزانی و لە بزوتنەوەی گۆرانیش دەیەوێت وا نیشان بدات كە هەم خۆی بكەرو دروستكەری روداوەكانە و جڵەوی دەستپێشخەری سیاسیش هەر لەدەستی خۆیدایە.
لێكدانەوەی چوارەم: رایەكی تریش هەیە پێیوایە ئەم هەنگاوەی یەكێتی جۆرێكە لە سیاسەتی دروست، كە بەرژەوەندی حزب ئەخاتە پێش هەموو رق و كینە و بەرژەوەندییەكی شەخسییەوە.
لێكدانەوەی پێنجەم: یەكێتی دەیەوێت بەم نزیكبونەوەیەی لە گۆڕان، ئەو سەربازگەیە بەهێز بكات كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان دوای "دواخستنی هەڵبژاردن" دەكات، دژ بە سەربازگەكەی پارتی كە پێداگری دەكات لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا.
لێكدانەوەی شەشەم: یەكێتی ترسی هەیە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا پارتی ژمارەیەكی زۆری كورسییەكانی پەرلەمانی داهاتوو بباتەوە، بەجۆرێك پێویستی بە یەكێتی نەمێنێت و لەبری یەكێتی دەست بۆ بزوتنەوەی گۆڕان رابكێشێت لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا. 
لێكدانەوەی حەوتەم: ئەم داوای لێبوردنە بۆ شاردنەوەی هۆكاری سەرەكی كێشەكەیە، كە خۆی دەبینێتەوە لە تۆمەتباركردنی یەكێتی بە ساختەكاری و گۆڕینی ئەنجامی دەنگدانی 12ی ئایاری رابردوو، پرسیارە سەرەكیەكە ئەوەیە بۆ گۆڕان كە ئایا لە پەلامارەكە خۆش دەبێت یان لە ساختەكاریەكە.

شەوی 12ی ئایار چی رویدا ؟
لەدوای دەركەوتنی ئەنجامە نارەسمیەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار و لە دەوروبەری كاتژمێر هەشتی ئێوارە جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی هێزەكانی 70ی یەكێتی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە، تەلەفۆن بۆ عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەكات، بەڵام سكرتێرەكەی عومەری سەید عەلی تەلەفۆنەكە دەداتە دەست قادری حاجی عەلی سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنەكانی گۆڕان وەڵامی بداتەوە، ئەڵێت بۆچی ئەو هەڵایەتان دروستكردووە بۆچی ئەنجامەكە قبوڵناكەن، قسەی توند و شەڕە قسە لە نێوان هەردوولا دا دروست دەبێت، شێخ جەعفەر هەڕەشەی هێرشكردنە سەر گردی زەرگەتە دەكات و قادری حاجی عەلیش بە توندی وەڵامی هەڕەشەكانی دەداتەوە و پێی دەڵێت " ئەگەر ئازای وەرە" جەعفەر شێخ مستەفا لە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ دەبێت و بەرەو گردی زەرگەتە دەچێت، بەوتەی خۆی دەڵێت بۆلای عومەری سەید عەلی دەچم بۆیە لە نزیك گردی زەرگەتە دادەبەزێت و دەچێت بەرەو گردی زەرگەتە پاسەوانەكانی دەیگرن و رێگری لێدەكەن و شەڕە تەقە دروست دەبێت، لە هەردوولاوە ئەوان تەقە بە ئاراستەی گردی زەرگەتەدا دەكەن و لە گردەكەشەوە تەقە لەوان دەكرێت و دەوترێت ئۆتۆمبێلە درعەكەی شێخ جەعفەر چەند گوللەكی بەركەوتوە و بریندار لە هەردوولا هەبوە، لەو ماوەیەدا تەلەفۆن دەكرێت هێزی دیكە دێت و بە ئاربیجی و دۆشكە تەقە لە گردەكە دەكرێت و تەنانەت لە شوێنی دوورتریشەوە تەقە بە ئاراستەی گردەكە دەكرێت.

هەندێك زانیاریش ئاماژە بەوە دەكەن هێرشەكەی شێخ جەعفەر بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی بووە، چونكە پێشتر بافڵ تەلەفۆنی لەگەڵ بەرپرسانی گۆڕانكردووەو وتویەتی دەبێت ئەنجامەكە قبوڵ بكەن، بەڵام ئەوان رەتیدەكەنەوە و ئەویش توڕە دەبێت و پەیوەندی بە شێخ جەعفەرەوە دەكات، زانیاریەكان دەڵێن هێزێكی زۆری رێكخراو لە دەوری گردەكە و شوقەكانی بەردەمی كۆبونەتەوە و ویستویانە بچنە سەر شوقەكان و لەوێوە تەقە لە گردەكە بكەن، چونكە لەو كاتەدا سەرەڕای ئەوەی كۆبونەوەی سەركردەكانی گۆڕان بووە، كۆبونەوەی چوار حزبیش لەوێ بووە، تەقەكان راستەوخۆ ئاراستەی ژووری كۆبونەوەكان كراوە. تەنانەت وەفدەكە بە پەلە ژوورەكەیان جێهێشتووە، كە شوێنی كۆبونەوە و دانیشتنی نەوشیروان مستەفا بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی خەڵكێكی زۆر لە مەكۆی سەرەكی بوون لە چاوەڕوانی ئەنجامەكان و نارەزایی لەسەر ئەنجامەكان بۆیە روبەرووی هێرشبەران بونەتەوە و رێگریان لێكردوون، دواتر لە میدیای گۆڕانەوە داوای بەهاناوە چوون كراوە و ژمارەیەكی زۆری لایەنگری گۆڕان بەچەكەوە چونەتە گردی زەرگەتە بۆ بەرگریكردن، بەڵام دواتر سەركردەكانی هەردوولا پەیوەندیەكانیان چڕكردوەتەوە و لە كاتژمێر 12 بۆ یەكی شەو وەفدێكی یەكێتی كە لە حاكم قادر و دلێری سەید مەجید پێكهاتوون چونەتە ماڵی نەوشیروان مستەفا لە گردی عەلی ناجی و لەوێ لەگەل عومەری سەید عەلی و حەمە تۆفیق رەحیم و كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا كۆبونەتەوە و گرژییەكان تا ئاستێك رەویونەوە.
بەڵام لەو رۆژەوە پەیوەندیەكانی نێوان ئەودوو هێزە پچڕاوەو هیچ كۆبونەوەو دیدارێكی سیاسی ڕەسمی روینەداوە. 

لەڕێكەوتنی سیاسی و چاوەڕوانیی گەورەوە بۆ داوای لێبوردن
دوای زیاتر لە دوو ساڵ و سێ مانگ بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان رێككەوتنێكی سیاسییان ئیمزا كرد، رێككەوتنەكە لە (11) بەش و (25) ماددە پێكهاتووە. 
نزیكەی ساڵێك و حەوت مانگ دوای ئیمزاكردنی ئەو رێككەوتنە سیاسییە، بزوتنەوەی گۆڕان لایخۆیەوە لە رۆژی 20/12/2017 كاركردنی بە رێككەوتنەكە هەڵپەسارد.
رێككەوتنەكە بە ئامادەبوونی دوو كەس ئیمزا كرا كە ئێستا هەردووكیان لە ژیاندا نەماون كە ئەوانیش هەریەكە لە (جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا)ن، دوای چەند ساڵێك ململانێی سیاسی توند، ئەوكات رێككەوتنەكە وەكو دەروازەیەك بۆ ئارامی و سەقامگیری بەتایبەت لە زۆنی سلێمانی تەماشا دەكرا، بەڵام وەكو ئەوەی پێشبینی دەكرا وادەرنەچوو، دوای ساڵێك لە ئیمزا كردنی تەنیا یەك خاڵی رێككەوتنەكە خرایە بواری جێبەجێكردن كە ئەویش خاڵی (2) ی ماددەی (بیست و پێنج)ە كە دەڵێ"دەقی تەواوی رێككەوتنەكە لە میدیاكاندا بڵاودەكرێتەوە و رایگشتی لێ ئاگادار دەكرێتەوە".
شكستهێنانی ئەو رێككەوتنە سیاسییە بەر لە ئیمزاكردنی پێشبینی كراو بوو، لە مەراسیمی ئیمزاكردنی رێككەوتنەكەدا نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆتایی وتارەكەیدا وتی" عیبرەت لە نوسیندا نییە، بەڵكو لە جێبەجێكردندایە".
ئەوكات كە رێككەوتنەكە ئیمزا كرا، میدیاكانی هەردوو حزب وەكو هەنگاوێكی گرنگ بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی هێز لە كوردستان وێنای رێككەوتنەكەیان دەكرد، لەمەشدا مەبەستیان هاوسەنگی هێز بوو لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە ئیمزاكردنی ئەو رێككەوتنە، هێشتا تەرازووی هێز لاسەنگە و پارتی دیموكراتی كوردستان لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا زۆرینەی بەدەستهێنا و لە ناوخۆی كوردستانیش پۆستی سەرۆك وەزیران و چەندین پۆستی سیادی تری بەدەستەوەیە.
 لەبری بەدەستهێنانەوەی هاوسەنگی هێز لە هەرێمی كوردستان لەرێگەی رێكەوتنی سیاسیەوە، ئێستا ئەو دوو هێزە دوو ناكۆكترین هێزی سیاسی كوردستانن ، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا داوای لێبوردنەكەی یەكێتی، كۆتایی بە پچڕانی پەیوەندیەكان دێنێت و جارێكی ترمتمانە لە نێوان ئەو دوو هێزە درووست دەبێتەوە؟ یاخود پەلامارەكەی 12ی ئایار بۆسەر گردی زەرگەتەو ( ساختەكاری) درزی كردە پەیوەندیەكان و ئیدی هیچ هەنگاوێك ناتوانێت متمانە بۆ ئەو دوو هێزە بگەڕێنێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand