بەهۆی سەردانێكەوە بۆ ئێران پۆستەكەی لەدەستدا

Draw Media

2018-08-14 11:38:55



(درەو میدیا):
وەزیرێكی حكومەتی نەرویج بەهۆی سەردانێكییەوە بۆ ئێران و بێ‌ ئاگاداركردنەوەی سەرۆكی حكومەت دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە.
بە گوێرەی هەواڵێكی سایتی " بی بی سی " پیێر ساندبێرگ، وەزیری سامانی ماسی نەرویج مانگی رابردوو لەگەڵ كچە هاوڕێ ئێرانییەكەیدا بەبێ‌ ئاگاداركردنەوەی سەرۆك وەزیران, سەردانی ئێرانی كردووە و بەو هۆیەشەوە رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و ناچاركراوە دەستلەكاربكێشێتەوە.
ساندبێرگ بەوە تۆمەتباركرا كە پرۆتۆكۆڵە ئەمنییەكانی پێشێلكردووە و لە گەشتەكەیدا بۆ ئێران مۆبایلەكەی بردووەتە وڵاتێكەوە كە هیچ هەماهەنگییەكی ئەمنیی لەگەڵ نەرویجدا نییە.
ساندبێرگی تەمەن 58 ساڵیش دانیناوە بەوەدا  كە لەگەڵ هاوڕێی تەمەن 28 ساڵانەكەی " باهرە لیتنیس" بەبێ‌ ئاگاداركردنەوەی سەرۆك وەزیران سەردانی ئێرانی كردووە و مۆبایلە حكومییەكەشی لەگەڵ خۆیدا بردووە.
پیێر ساندبێرگ جگە لەوەی وەزیری سامانی ماسیی بوو، هاوكات جێگری سەرۆكی حزبی پێشكەوتنی دژ بە كۆچبەرانە, كە بەشداری حكومەتی ئیئتیلافی نەرویجە.
هاوكات رەخنەی ئەوەش لە ساندبێرگ گیرا كە بە بردنی مۆبایلەكەی بۆ ئێران خۆی خستوەتە بەردەم مەترسی سیخوڕە ئێرانییەكان.
باهرە لیتنسی هاوڕێی ساندبێرگیش كە شاجوانی پێشووی نەرویجە و كۆمپانیایەكی بواری هەناردەكردنی ماسی بەڕێوەدەبات رەتیكردەوە هیچ پەیوەندییەكی لەگەڵ حكومەتی ئێراندا هەبێت، بە گوێرەی چەند راپۆرتێكیش دەزگای هەواڵگری نەرویج ئێستا لە چالاكییەكانی دەكۆڵێتەوە.
لایخۆشیەوە ئێرنا سۆلبێرگ سەرۆك وەزیرانی نەرویج رایگەیاند فەروانی بە ساندبێرگ داوە مۆبایلەكەی رادەستی پۆلیس بكات، بۆئەوەی پشكنینی سەلامەتی ئەمنی بۆ بكرێت و دڵنیا بن كە دزە نەكراوەتە ناو مۆبایلەكەیەوە.
پیێر ساندبێرگ هاوكات دەستی لە پۆستە حزبییەكەشی كێشایەوە و سەرۆك وەزیرانی نەرویجیچ لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان وتی:" ساندبێرگ خۆی داوای دەستلەكاركێشانەوەی كردووە و باوەڕم وایە بڕیارێكی دروستی داوە".
لە دوای نەوت و غازەوە ماسی و بەرهەمانی تری نێودەریا لە هەناردەی نەرویجدا بۆ دەرەوە پلەی دووەمیان هەیە.


 سەرچاوە: بی بی سی 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand