سیسی لە میسر بە نهێنی لەگەڵ نەتانیاهۆ كۆبووەتەوە

Draw Media

2018-08-13 19:05:32



( درەو میدیا):

بە گوێرەی میدیاكانی ئیسرائیل مانگێك لەمەوبەر سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهۆ لە میسر كۆبوونەوەیەكی نهێنی لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی ئەو وڵاتە كردووە و پرسی چارەسەری سیاسی  كەرتی غەززەیان تاوتوێكردووە.
كەناڵی دەی ئیسرائیل لەسەر زاری چەند بەرپرسێكی ئەمریكاوە ئاشكرایكرد كە كۆبوونەوەكە 22ی ئایاری رابردوو بەڕێوەچووە و باس لەوەكراوە كە دەسەڵاتدارێتی فەلەستین كاروبارەكانی كەرتی غەززە بگرێتەوەدەست و ئاگربەست لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس رابگەیەنرێت و گەمارۆی سەر كەرتی غەززە سوك بكرێت و هەنگاوی پێویست بنرێت بۆ كاركردنی پرۆژە مرۆییەكان لەوێ‌.
كەناڵەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە سیسی لە كۆبوونەوەكەدا جەختیكردوەتەوە لەسەر پێویستی گەڕانەوەی دەسەڵاتی فەلەستینی بۆ غەززە  هەتا ئەگەر بە چەند قۆناغێكیش  بێت و حەماسیش داماڵینی چەكە قورسەكانی سەرەتا رەتبكاتەوە.
سیسی جەختیشیكردوەتەوە لەسەر ئەوەی كە ئیسرائیل  وڵاتانی عەرەبی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوشاربخەنە سەر سەرۆكی دەسەڵاتی فەلەستینی مەحمود عەباس بۆئەوەی ئەو ئامانجە بەدی بهێنێت.
كەناڵەكە ئاشكراشیكردووە كە لە كۆبوونەوەكدا باسی پرسی ئەو هاوڵاتییە ئیسرائیلییانەش كراوە كە لەلای حەماس دەستبەسەرن لەگەڵ روفانی دوو سەرباز كە لە غەززە كوژراون و باسیش لە پلانی ئاشتی كراوە كە ئەمریكا كار بۆ ئامادەكردنی دەكات.
بەوتەی كەناڵە ئیسرائیلییەكە  زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی سەربە حكومەتی تەلئەبیە ئاگاداری كۆبوونەوەكەی نەتەنیاهۆ و سیسی نەبوون.
لایخۆشیەوە رۆژنامەی بەناوبانگی ئیسرائیل " یەدیعۆت ئەحرانۆت" لەسەر زاری سەرچاوەیەكی دیپلۆماتی بیانییەوە رایگەیاند كە كۆبوونەوەكە لە كۆتایی ئایاردا كراوە.
سەرچاوە: سایتی " روسیا الیوم"

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand