بەرپرسانی باڵا دۆلار لەڕێی (ئیبراهیم خەلیل)ەوە ئاودیوی توركیا دەكەن

Draw Media

2023-02-05 10:50:43




درەو:
پێگەی (میدل ئیست ئای) بەریتانی:
🔹ئەو فشارانەی ئەنجومەنی یەدەگی فیدراڵی ئەمریكی بەسەر بانكی ناوەندی عێراقدا سەپاندی, بووە هۆی دانانی سنوری بۆ گەندەڵی و ڕەوانەكردنی نایاسای دۆلار, كە بازاڕەكانی عێراقی پەكخست و برەویدا بەپرۆسەی بەقاچاغبردنی دۆلار بەشێوەیەكی فراوان.
🔹حكومەت كۆمەڵێك هەنگاوی گرتەبەر بۆ ڕوبەڕوبونەوەی قەیرانی دۆلار, كۆمەڵێك پەنجەری پێدانی دراوی بیانی كردەوەو, پلانی دانا بۆ هاندانی بازرگانە بچوكەكان تا مەزادی دراو بەكاربهێنن و, باجی لەسەر كەرەستەكان هەڵپەسارد و هاوكاری پێشكەش بەهەژاران كرد, لەگەڵ كۆمەڵێك ڕێوشێنی تر, بەڵام تائێستا فرۆشی مەزادی دراو لەخوار مامناوەندەوەیە.
🔹مامناوەندی فرۆشی دۆلار لەمانگی كانونی دووەمدا (131)ملیۆن دۆلاری ڕۆژانەی تێنەپەڕاندووە, بە بەراورد بەمانگی تشرینی یەكەمی ساڵی پار كە 227 ملیۆن دۆلار بووە لەڕۆژێكدا, لەئەنجامی ئەوە, نرخی دۆلار لەبازاڕی ڕەش بەرزبوەتەوە. 
🔹بەرپرسانی عێراقی و خاوەن كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو بە(میدل ئیست ئای)یان ڕاگەیاندووە: ڕێوشوێنەكانی چاودێری بووەتە هۆی لەقاڵبدانی بازرگان و خاوەن سەرمایەكان لەبەشداریكردن لە مەزادی دراو, بۆ ئەوەی خۆیان بەدور بگرن لە ئاشكرابونی ناسنامەكەیان و مەبەستی حەواڵە داراییەكانیان و, ناسنامەی ئەوانەی لەكۆتایدا لێی سودمەند دەبن, لەگەڵ هەندێ‌ زانیاری هەستیاری تر.
🔹"خاوەن سەرمایەكان پەنایان بردووەتە بەر بازاڕی ڕەش و ڕێگا نافەرمییەكانی تر بۆ بەدەستهێنانی دۆلار, ئەوەش بووەتە هۆی زیادبونێكی گەورە لە بەقاچاغبردنی دۆلار لەڕێگای وشكانییەوەو, نرخەكەشی بە بەرزی ماوەتەوە.
🔹ئەندامێكی یەكێتی بانكە تایبەتە عێراقییەكان بۆ (میدل ئیست ئای): گەورە مامەڵەكارەكان نایانەوێت هیچ زانیارییەك سەبارەت بە سەرچاوەی داراییەكانیان, یاخود ناسنامەكانیان ئاشكراببێت بەهۆكاری ئەمنیی و دارایی, ئەو میكانیزمە ئێستا نەماوە, بەوەش ڕویانكردووەتە بازاڕی ڕەش بۆ دابینكردنی دۆلارو ڕەوانەكردنی لەدەروازە نافەرمییەكانەوە.
🔹دوان لەڕاوێژكارەكانی سودانی بۆ سەرچاوەكە: زانیارییە هەواڵگرییەكان ئاماژە بەوەدەكەن كە, پرۆسەی بەقاچاغبردن بەم دواییە بەڕێی وشكانی و لەڕێی كوردستانەوە پەرەیسەندووە, لەوێشەوە ڕەوانەی توركیاو دوبەی دەكرێت, بۆ ڕێگەگرتن لەوە, حكومەتی عێراق چەند خالێكی پشكنینی نوێی لەسەر ڕێگای بەغداد كوردستان داناوەو, ئامێری سۆناری لێجێگیركردون. 
🔹سەرچاوە بانكییەكان و بەرپرسانی عێراقی بۆ سەرچاوەكە: سەرەڕای ڕێوشوێنەكان, ڕۆژانە نزیكەی (70) ملیۆن دۆلار لەكوردستانەوە بەقاچاغدەبرێت, یەكێك لەخاوەن كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو كە تێوەگلاوە لە پرۆسەی بەقاچاغبردن ڕایگەیاندووە, كارەكەیان پەرەیسەندووە و ئەو ڕێوشوێنانەش لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە گیراوەتەبەر, قەیرانەكەی قوڵكردووەتەوەو كاری ئەوانیشی بوژاندووەتەوە.
🔹مامەڵەكارە بانكییەكانی عێراق بۆ سەرچاوەكە: ئەو قازانجەی لەئێستادا لەدابینكردنی دۆلار بۆ بازرگان و خاوەن سەرمایەكان لەدوبەی و توركیا دەستمان دەكەوێت, دەیان هێندەی قازانجی هەفتەكانی ڕابردووە, ئێمە هیچ پرسیارێك ناكەین لەكڕیارەكانمان, ئەوانیش نایانەوێت وەڵامی هیچ بدەنەوە لەبارەی پارەكانیان, بۆیە پەنا بۆ ئێمە دێنن.
🔹خاوەنی كۆمپانیاكانی دراو و بەرپرسە عێراقییەكان بۆ سەرچاوەكە: كۆمەڵێك بەرپرس و سیاسی لۆكاڵی باڵادەست, دۆلار لەڕێی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە ڕەوانەی توركیا دەكەن, خاوەنی كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو دەڵێن, دەسەڵاتدارانی توركیا لەبەرامبەر هەر (10) هەزار دۆلارێك (5) دۆلار وەك باج وەردەگرن. 
🔹"دوای ئەوەی كڕیارەكە دۆلارەكەمان لێدەكڕێت, بڕی هاوتای ئەوە پارەی عێراقیمان ڕادەست دەكات, تا لەڕێی توركیاو دوبەیەوە دۆلارەكەی بەدەست بگات, ئەوەی پێویستییەتی تەنها ئەنجامدانی تەلەفونێكە لەگەڵ كەسێك لەدوبەی یان لەتوركیا, تاپارەكەی بەكاش بگات بەوكەسەی كە كڕیاڕەكە دەیەوێت بگاتە دەستی". 
🔹خاوەن كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو بۆ سەرچاوەكە: لەهەفتەی ڕابردودا حەواڵەكردنی پارە بۆ دەرەوە هێندەو نیو زیادی كردووە, سەرەڕای ئەوەی تێچوی ناردنی زیاتر بووە, كە بەوتەی سەرچاوەكان بۆ ڕەوانەكردنی (1) ملیۆن دۆلار نزیكەی (15) هەزار دۆلار عمولە وەردەگیرێت.
🔹سەرچاوەكە: ئەو كەسانەی هەوڵی ڕەوانەكردنی دۆلار دەدەن لەعێراقەوە, یان وڵاتانی دراوسێن و بەدەست كێشەی نەختینەوە دەناڵێنن, یاخود كەسانێكن پێویستیان بەسپیكردنەوەی پارەكانیانە.
🔹بەرپرسێكی باڵای عێراق: لایەنە ڕاستەقینەكان نادیارن, زۆرینەی ئەوانەی كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دۆلار بەڕێوەدەبەن ئامرازن, ئەوانە جگە لەكارتێكی ئامادەكراو بۆ سوتان هەركات پێویستی كرد, هیچی تر نین.
🔹"لەڕاستیدا ئەوەی دەكرێت تێكەڵەیەكە لە سپیكردنەوەی پارە و بەقاچاغبردنی دۆلار, هەردوو پرۆسەكە خزمەت بەیەكتری دەكەن و, چەندین یاریزانی ناوخۆی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بەشدارن تیایدا, خاوەنی ئەو پارنە یان بەشدارن لەبانكەتایبەتەكان یاخود بانكی تایبەت بەخۆیان داناوە بۆ سپیكردنەوەی پارە.
🔹بەرپرسێكی دارایی عێراقی بۆ سەرچاوەكە: ئەوەی مایەی پێكەنیە لەو پرسەدا هەردوو پرۆسەی سپیكردنەوەی دینارو بەقاچاغبردنی دۆلار لەعێراق تێكهەڵكێشن, ئەوەی كاردەكات لەو پرسەیە كاردەكات تاكۆتایی, تا ئەمیان ئەوی تریان تەواودەكات, ئەو هەوڵانەشی بۆ بەرتەسكردنەوەیان دەدرێت پێویستی بەساڵانێكی زۆرە.
🔹"بەردەوامبونی ئەو دۆخەی ئێستا مانای داڕمانی ئابوری عێراق بەمنزیكانەو, دەستەوسان بوونی حكومەت لەدابینكردنی موچەی مانگانەو دابینكردنی پارە پرۆژەكانی بەكاربردن".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand