یەدەگی نەوتی هەرێم (4 ) ملیار بەرمیلە نەك (45) ملیار

Draw Media

2023-01-05 17:40:27



درەو:

بەدواداچوونی: رێكخراوی رونبیین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەكانی نەوت 

دوو دامەزراوەی جیهانی یەکێک نەرویجی و ئەویتر ئەمریکی لە راپۆرتەکانیاندا ڕایانگەیاندووە، بڕی ڕاستەقینەی یەدەگی نەوتی هەرێمی کوردستان ٤٥ ملیار بەرمیل نییە بەڵکو نزیکەی ٤ ملیار بەرمیلە.
هەردوو دامەزراوەی ڕیستاد و ئیدارەی زانیاری و وزەی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتی جیادا ڕایانگەیاندووە، بڕی یەدەگی نەوتی هەرێمی کوردستان نزیکەی سێ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن بەرمیلە.

ڕاپۆرتەکان کە کۆتای مانگی حوزەیران و سەرەتای تەموزی ٢٠٢٢ بڵاوکراونەتەوە دووپاتیان کردۆتەوە کە بڕی ئەو یەدەگانە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان ناگرێتەوە.
ئەو دوو دامەزراوەیە لە ڕاپۆرتەکانیاندا ڕایانگەیاندووە کە بەپێی هەندێک خەمڵاندن ٤٥ بەرمیل نەوت لە هەرێم هەیە بەڵام خەمڵاندنەکە ئەو یەدەگانە دەگرێتەوە کە تا ئێستا نەسەلمێنراون و هەروەها یەدەگی نەوتی خاو لە ناوچە جێناکۆکەکان بە کەرکوکیشەوە دەگرێتەوە کە لە دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ساڵی ٢٠١٧ەوە کورد کۆنترۆڵی لەدەستداوە . بەوپێیە گەر ئاستی نەوتی هەرێم لەم ئاستەی ئێستادا بمێنێتەوە و زیاد نەکات ئەوا تا ٢٤ ساڵی تر نەوت بەرهەم دەهێنرێت.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ی هەرێم لە پێگەی فەرمی خۆی یەدەگی خەمڵێنراوی نەوتی هەرێمی کوردستانی بە ٤٥ ملیار بەرمیل دیاری کردووە.

ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ناوچەکە بەهرەمەندە بە بڕێکی زۆر لە یەدەگی گازی سروشتی کە دەکرێت هەناردەی دەرەوەی عێراق بکرێت.
ئیدارەی زانیاری و وزەی ئەمەریکا U.S.EIA جەختی لەوە کردووەتەوە لە پێناو هەناردەکردنی یەدەگی غازی سروشتی ناوچەکە بەتایبەتی بۆ تورکیا و ئەوروپا، بڕێکی زۆر وەبەرهێنان پێویستە و دەبێت بۆرییەکی نوێی غاز دروست بکرێت.
بەردەوامی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند لەو ئاستەنگانەیە کە پەرەپێدانی کەرتی وزەی هەرێم ڕادەگرێت.

بەپێی راپۆرتەکەی ریستاد ئێستا کۆی گشتی ئەو نەوتەی دەتوانرێت دەربهێنرێت لە سەرانسەری جیهاندا بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی ٩% کەمترە و ئەمەش مەترسی لەسەر ئاسایشی وزەی جیهانی دروست کردووە.

کۆمپانیای ڕیستاد ئینێرجی Rystad Energy کۆمپانیایەکی سەربەخۆی توێژینەوەی وزە و بازرگانییە و بارەگا سەرەکییەکەی لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویجە.

ریستاد گەورەترین کۆمپانیای ڕاوێژکاری وزەی سەربەخۆیە و کۆمپانیایەکی شیکاری پێشەنگی جیهانییە بۆ پیشەسازی نەوت و گاز. کۆمپانیاکە بە شێوەیەکی سەرەکی شیکاری نەوت و گاز دابین دەکات، بەڵام شیکردنەوەی وزەی نوێبووەوە و شیکاری دەردانی کاربۆن دەکات .جگە لە کۆمپانیاکانی نەوت و خزمەتگوزاری نەوت و دارایی، کڕیارەکانی بریتین لە دامەزراوەکانی وەک ئۆپێک، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، بانکی نێودەوڵەتی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand