دیسانەوە یاخیبوونەکانی ئێران

Draw Media

2022-09-28 11:51:11



مەریوان وریا قانع 

 

شۆڕشی ئێرانی لە ساڵی ١٩٧٩ دا، نەک تەنھا فەیلەسوفێکی ڕەخنەیی گەورەی وەک میشێل فوکۆی بەرەو ئەو قەناعەتە برد کە لە ناو ئەم شۆڕشەدا جۆرێک لە ”ڕۆحانیەتی سیاسیی“ تازە لەدایکبووە، بەڵکو لە پەیوەندیشیدا بە میلەتانی ناوچەکەوە ئومێدی ئەوەیشی دروستکرد کە دەتوانن گۆڕانکاریی بکەن و ئەوەی ھەیە و دروستکراوە، بەشێوەیەکی ھەمەلایەن دەسکاریبکەن. شۆڕشی ئێرانی وزەیەکەی سیاسیی گەورەیشی بە سەرجەمی بزوتنەوە ئیسلامییەکان لە جیھاندا بەخشیی و ئیسلامی سیاسیی گۆڕی بۆ ئایدیۆلۆژیای باڵادەست، لە ناوچەکەدا. بووش بە مۆدێلێک بکرێت لاساییبکرێتەوە و شوێنپێکانی ھەڵبگیرێت. لە ئێستادا و چل ساڵێک دواتر، ئەزموونی ئێرانی نەک سەرجەمی ڕەونەقە سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی و ئەخلاقییەکانی دۆڕاندوە، بەڵکو لە ھەمانکاتدا ھەم بووە بە یەکێک لە ئەزموونە سیاسیە ناشیرینەکانی جیھان و ھەم گیریشی بەدەست زۆرینەی ھەرەزۆری ئەو میلەتەوە خواردوە. کە لەماوی ئەو چوار دەیەدا و لەڕێگای نەخشەسازییەکی سیاسیی دینییەوە، دروستیکردوە. لە ماوەی چوار دەیەدا دەوڵەت و دەزگاکانی حوکمڕانیی، پیاوانی دین و سیاسەت بە ھاریکاریی ئابوریی نەوت، ئەو ئەندازیارەبوون کە دەسکارییەکی گەورە و ھەمەلایەنی چیەتیی میلەتی ئێران و دانیشتوانی ئەو وڵاتەیان، کردوە.  ئەمڕۆکە کۆمەڵگای ئێرانی، بە شایەتی،شارەزایانی ئەو بوارە، نەک ئەوانەی قسەی گشتیی و حوکمی گۆترە دەردەکەن، یەکێکە لە عەلمانیترین کۆمەڵگاکانی ناوچەکە. کۆمەڵگایەکی تەواو گەنجە کە زۆرینەی ھەرەزۆریان، لەو ھەندەسە دینییە دەسەڵاتگەرە ھەڵدێن کە دەوڵەتی ئێرانیی و ئایەتوڵا حوکمڕانەکانی ناو ئەو دەڵەتە، لەماوەی چوا دەیەدا دروستیانکردوە. ئیسلامی سیاسیی حوکمڕان لە ئێراندا، زۆرینەی ئەو کۆمەڵگایەی لەو فۆرمە لە دینداریی و لە ئایدیۆلۆژیای ئاینی دوورخستۆتەوە کە دەوڵەت لەسەرەوەڕا بەسەر کۆمەڵگاکەیدا، سەپاندوە. ژیانی شەخسیی و خێزانیی ئێرانیەکان تەواو ناکۆکە بو ژیانە گشتیی و ئاشکرایەی دەسەڵاتداران لەو وڵاتەدا دروستیانکردوە. 

لە چوار دەیەی ڕابردوودا دەوڵەتی ئێرانی لە دەیەھا کەناڵی جیاوازەوە کۆمەگای ئێرانی پڕ کردوە لە دین، لە دینێک کە سیستمی ویلایەتی فەقیە، ویلایەتی فەقیە موتڵەق، بەرھەمیھێناوە و ئاراستەی کردوە. خاڵی سەرەکییش لەم ئەزموونەدا بریتیبووە لە مۆنۆپۆڵکردنی سەرجەمی دەسەڵاتەکان و بەکارھێنانی ئەو دەسەڵاتانەش بۆ دروستکردنی ”کۆمەڵگایەکی دینیی“ و دروستکردنی ”تاکەکەس“ و ”لەشێکی دینیی“، بە تایبەتی ”لەشێکی دینیی ژنانە“. ئەوەی ئێستا دەیبینین یاخیبوونی ملیۆنان تاکەکەسۆ ئەو وڵاتەیە، لەو لەشە دینییە دروستکراوە و لەو ھەندەسە دینییەی بەھۆیەوە ”کۆمەڵگایەکی دینیی“ دروستکراوە. ئەم یاخیبونەش یەک مانای سەرەکیی ھەیە: دەستپێکردنی یاخیبوون بەڕووی سەرجەمی سیستمە حوکمڕانیەکەدا لەڕێگای یاخیبوون لەو لەشە دینییە و لەو سیستمە ڕەمزییەی بەدەوری ئەو لەشە دینییەدا دروستکراوە. ئەگەر ڕەمزیی سەرەکیی و بنەڕەتیی ناو ئەم سیستمەش بریتیی بێت  لە حیجاب و سەرپۆشی ژنان، یاخیبوونەکانیش شێوەی یاخیبوونیان لەو حیجاب و سەرپۆشە، گرتۆتەخۆی. 
ئەم دۆخەیە وادەکات حیجاب و جلوبەرگی دینیی لە سێنتەری یاخیبوونەکاندا بێت، بەگژاچوونەوەی ئەم ڕەمزە دینییانە بەگژاچوونەوەی سەرجەمی سیستمە سیاسیی و ئابوریی و دەسەڵاتگەرەکەیە، کە بە درێژایی چوار دەیە ئەو ھەندەسە تایبەتەی دروستکردنی لەشی دینییی بەسەر ئەو کۆمەڵگایەدا سەپاندوە.  نەبینین و پشتگوێخستنی ئەم خاڵە نەبینینی ئەو پاڵنەرە سەرەکیی و بنەڕەتییەیە کە ئەو نەوە گەنجەی لە ئێراندا بردۆتە سەر شەقامەکان و نەبینینی ئەو خواستە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئینسانیانەشە، کە لەپشتی یاخیبوونەکانەوە ئامادەیە. کۆمەڵگای ئێرانی لە ماوەی چوار دەیە لە سیاسەتی دینییانەی دەوڵەت و لەژێر کاریگەریی تیورەی ویلایەتی فەقیەدا، بووە بە کۆمەڵگایەکی تەواو عەلمانیی، کە خواستی گەڕاندنەوەی دینیی بۆ ناو خواست و توانای ئازادانەی ھەڵبژاردنی تاکەکەسەکان، ھەڵگرتوە. خواستێک پێچەوانەی ئەوەی چوار دەیەیە لە ئێراندا ڕووئەدات: واتە  دابڕانی دینداریی لە ھەڵژاردنی ئازادیی تاکەکەسەکان و کردنی بە سێنتەری سیاسەتی دەسەڵاتگەرانەی دەوڵەت خۆی. 
لە شۆڕشی ئێرانی ساڵی ١٩٧٩ دا بەشی ھەرەزۆری ھێز و چینە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران  بەشداربوون لە یاخیبوون دژ بە شای ئێران و حوکمڕانییە پۆلیسییەکەیدا، ژنان و پیاوانی دینیی و نادینیی، کەسان و گروپی عەلمانی و چەپگەر و لیبرال و ڕادیکاڵ، ئەندامانی چینی ناوەڕاست و چینی کرێکار و جوتیار و بازرگانان، ھەموویان بەشێکبوون لەو ھێزە گەورەیەی بەگژ ڕژێمەکەی شادا چوونەوە. لە شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ دا چەندان ژنانی سەر بە ھێزە چەپ و کۆمۆنیست و عەلمانییەەکان لە ساتەوەختی ناڕەزایی دەربڕینەکاندا حیجابیان دەکردە سەر. حیجاب لای ئەوان و لەو ساتەدا ڕەمزی یاخیبوون و قبووڵنەکردنی ڕژێمە سیاسییەکەی شا بوو، کە لە دیدی زۆربەیاندا وەک پۆلیسی وڵاتانی خۆرئاوا و ئیمپریالیزم لەناوچەکەدا، دروستکرابوو. حیجاب یەکێک لە ڕەمزە گرنگەکانی بزوتنەوە شۆڕشگێڕەکە بوو. بزوتنەوەیەک کە دەیویست سیستمێکی سیاسیی کراوە و دیموکراس و دادپەروەر و کۆمەڵگایەک ڕێزگر لە کەرامەتی ئینسان دروستبکات. ئایدیۆلۆژیای شۆڕشی ئێرانی تێکەڵێکی ئاڵۆزبوو لە ئایدیۆلۆژیایەکی میلییگەرای، جیھان سێھەمیی دژە ئیمپریالیست، کە داژایەتییەکی گەورەی ئەمریکا و سیاسەتەکانی ئەمریکای لە ئێراندا دەکرد. ئاخر ئەمریکا پێشتر و لە ساڵی ١٩٥٣دا دەسەڵاتی حکومەتە ھەڵبژێراوە عەلمانییەکەی موسەدەقی ڕوخانبدوو. بە کورتییەکەی، لە ساتەوەختی شۆڕشی ئێرانی ساڵی ١٩٧٩دا، حیجاب بەشێکبوو لەم دۆخە سیاسیی و فەرھەنگیی و ئایدیۆلۆژییە یاخیگەرە و یەکێکبوو لە ڕەمزەکانی بەرگریکردن و یاخیبوون. لە ڕاستیدا بۆچوونەکانی میشێل فوکۆش بۆ دۆخی ئێران و قسەکردنی لەسەر لەدایکبوونی ”ڕۆحانیەتی سیاسیی“ ھەردەچێتە ئەم قاڵبەوە، کە تیایدا ئیسلام وەک دین و حیجاب وەک جۆرێکی تایبەت لە نمایشکردنی لەش، بووبوو بە ڕەمزی یاخیبوون. 

 بەڵام دوای گەڕانەوەی خومەینی و دەستکردن بە دامەزراندنی ”کۆماری ئیسلامیی“، دوای سەپاندنی فەلسەفەی حوکمڕانیی ”ویلایەتی فەقیە“، دۆخێکی تەواو تازە دێتەکایەوە. لەم دۆخەدا حیجاب بە گشتیی و چۆنیەتی دەرکەوتنی لەشی ژن لەناو ژیانی گشتییدا، ھێدی ھێدی دەگۆڕێت بە شوناسی ئەو سیستمە سیاسییە تازەیەی خومەینی دروستیدەکت.  سیستمێکی دەسەڵاتگەریی دینیی، کە ھیچ جیاوازییەکی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی و دینیی قبووڵنەبوو. سیستمێک دیدی ئایەتوڵایەکی بەسەر ھەموو کۆمەڵگادا دەسەپاند. لەم ڕەوتە نوێیەدا حیجاب لە ڕەمزی بەرگریکردنەوە گۆڕا بۆ ئامرازی سەرکوتکردن و دروستکردنی مرۆڤی کۆپیکرراو. لە ھێماکردنەوە بۆ بزوتنەوەیەکی دژە سیستمی پاشایەتی دەسەڵاتگەر و حوکمی ساواک و پۆلیسی نھێنییەوە، گۆڕا بۆ شوناسی ھێزێکی دینیی خۆسەپێنی توندوتیژ و نادیموکراس و دخراو و خوێناوی. لەشی دینیی خۆیشی بوو بە شوناسی سەرەکیی سیستمە دەسەڵاتگەرەکەی خومیەنی و بە بەرجەستەکەری سیستمەکە. 
ئەوەی ئێستا لە ئێراندا دەیبینین یاخیبوونی ئەو لەشە دینییە بەزۆر دروستکراوەی ئێرانە، نەک تەنھا لە حیجاب و خۆپۆشینی دینیی، بەڵکو لە سەرجەمی میکانیزم و پرۆسەکانی دروستکردنی خودی لەشە دینییەکە خۆیشی. یاخیبوونە لەو سیستمەی ھێشتنەوەی ئەو لەشە دینییەی، بە ھێشتنەوەی شوناسیی دەوڵەت و کۆمەڵگاکەوە، گرێداوە . بڵاوبوونەوەی  ڤیدیۆی ئەو خانمە سەماکەرانەی بە دەوری ئاگرێکدا سەمادەکەن و حیجابەکانیان لەناو ئاگرەکەدا دەسوتێنن، بەرجەستەکردنی ئەم ڕاستییە سۆسیۆلۆژیی و سیاسیی و دینیی و کۆمەڵایەتییە سادەیەیە، ڕاستیی یاخیبوون لە سەرجەمی سیاسەت و میکانیزمەکانی دروستکردن و سەپاندنی ئەو لەشە دینییەی زیاد لە چل ساڵە بە بەکارھێنانی ھێز و زەبری دەوڵەت دروستدەکرێت.  
ئەوەی ئێستا دەیبینین یاخیبوونێکی نوێی کۆمەڵگای ئێرانییە تەواو جیاواز لەوەی ساڵی ١٩٧٩دا ڕویدا، یاخیبوونی ئێستا نە یاخیبوونێکی ناسیۆنالیستیی و میلییانەیە، نە یاخیبوونێکی دژە ئیمپریالیستانەیە، نە یاخیبوونێکی جیھانسێھەمییانەشە، بەڵکو یاخیبوونی ملیۆنەھا لەو تاکەکەسە جیاوازانەیە، کە بەشێکی زۆریان خوێندەواری سەر بە چینی ناوەڕاستن، بەڕووی ئەو سیستمەدا کە چەندەھا قەیرانی جۆربەجۆری بۆ ئێران وەک وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەزمان و فرەکولتور و فرەخواست، دروستکردوە. 
ئەوەی دەیبینین یاخیبوونێکی مەدەنییانەی ھێمنە  بە میزاجێکی ناعەبوس و خۆشحاڵانەوە، تیایدا تەحەدای تاکەکەسیی و سەماکردن و نمایشکردنی لەشێکی ئازاد، ڕەگەزە سەرەکییەکانیەتی. ئەم شەپۆلە لە ناڕەزاییدەربڕین و یاخیبوون ھاوکات شەپۆلێکی ناڕێکخراوە، بەبێ ئۆرگان و ئایدیۆلۆژیا و سەرکردەیەکی کاریزمییە،  بە زۆرمانا لەو جۆری ئەو یاخیبوونانەیە کە لە کۆتایی ساڵانی ھەشتادا و لەدوای کەوتنی کۆمۆنیزمەوە لە خۆرھەڵات و ناوەندیی ئەوروپادا بینیمان. 
لە پەیوەندیدا بە کورد و خەڵکی کوردستانەوە، یاخیبوونەکانی ناو ئێران ھاوکات بە یاداوەرییەکی نەتەوەیی بریندار و بە سیاسەتێکی بەردەوامی بێمافکردنێکی دەستەجەمعییەوە، گرێدراوە. پەلاماردانی ئەمڕۆکەی دەوڵەتی ئێرانیش بۆ  بارەگای ھێزە کوردییەکانی ڕۆژھەڵات، لەناوچەی سلێمانی، بە درۆن، دەرخەریی ئەو تایبەتمەندیانەیە کە بوونی کورد لەناو کۆی ناڕەزایەتییەکانی ئێراندا بەرجەستەی دەکات. ئەم مەسەلەیەش تەنھا یەک مانای ھەیە: دانەبڕانی یاخیبوونەکان لە کوردستان لە کۆمەڵێک داواکاریی نەتەوەیی کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە کوردبوونەوە ھەیە وەک شوناسێکی  چەوساوە و چەپێنراو و پەلاماردراو.  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand