هەڵەبجەیەک بەشمان ناکات 

2022-09-21 11:21:39



دكتۆر شێركۆ عەبدوڵا تایبەت بە (درەو)

 

هێشتا دوکانەکەی بەکر 
دوو سابونەکەی هەر ماون 
نەگبەتە لە باتی کڕیار
کرم و بەکتریا تێی داون 
** 
چەند خوێڕی یە ئەو درەختەی
سیخوڕی بۆ سەحرا دەکاو 
خەبەر دەدات لەبارانێ
ئێمەو مانان بۆیە زیندووین  
مردن بەهیچمان نازانێ 
**  
هەموو ڕۆژێ  
گەوجێتی گوێمان با دەدات 
ستەم  چاو بزدەکاتەوەو 
پێمان دەڵێ :
ئەنفالێک بۆ ئێوە کەمە 
هەڵەبجەیەک بەشتان ناکات 
** 
دەمێ ساڵە ئاسوودەیی 
لەو خۆرئاوایەوە هەڵدێ
کوێرەوەیەکەش لێرەوە
ترێلەی هەژدە تای یە 
ئەم ژیانە 
گشتمانی کرد بە ژێرەوە 
** 
ناڕەوایە سۆز بچێنین  
کەچی ڕق و کینەو نەفرەت 
بدروینەوە  
کارەساتە 
تەنیا هەر بادە شک ببەین  
لە پەنایدا 
خەمەکان بشارینەوە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand