مەرجەع و ئادابی سوڵتانی

Draw Media

2022-09-11 08:01:06



مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

 

لەوەتەی سەرۆکی ھەرێمی جاران و سەرۆکی ئێستای پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی لەناو دەزگاکانی حوکمڕانیدا نەماوە و ”بارەگای بارزانی“ لە دەرەوەی دەزگا فەرمییەکانی دەسەڵاتدارێتیەکەی ھەرێمدا دروستکردوە، چەندانجار گوێمان لەو دەنگانە بووە کە داوادەکەن ئەم پیاوە بکرێت بە ”مەرجەع“ و کورد ئەو ”مەرجەع“ەی پێویستە. لەمەشدا ئەو مۆدێلە دینییە شیعەیەیان لەبەرچاوە، کە لە ئێران و عێراقدا ھەیە و ئامادەیە. ھەرجارە و کەسێک ئەم بابەتە دەوروژێنێت و لە میدیاکاندا باسیدەکات. ھەمووشیان لە فەلەکی پارتی دیموکراتی کوردستاندا دەجوڵێن و زۆریشیان موچەرخۆری ئەو پارتە یان دەزگایەک لە دەزگاکانی ئەو پارتەن. ئەوەی شوێنی تێڕامانە ئەوەیە خودى بارزانی خۆیشی، بۆ جارێکیش نییە، نەھات و بە خەڵکی ئەم ھەرێمە بڵێت من پێگەی نافەرمیی و نایاسایی لەو شێوەیەم ناوێت، مەرجەعبوون ھەڵەیە و من نامەوێت دەسەڵاتێکی وا گەورە لە وڵاتەکەدا ھەبێت ھیچ کەسێک نەتوانێت لێیبپرسێتەوە و میکانیزمێک بۆ کۆنترۆڵ و بەرپرسیارکردنی، لەئارادانەبێت. نەک ھەر ئەمە ئەوانەی لە دەوری بارزانین و لێوەی نزیکن، زۆرجار خودی بارزانی وەک ”مەرجەع“ی کورد ناودەبەن و وەک ”مەرجەع“ی ھەر چوار پارچەکەش، نمایشیدەکەن، بەبێ ئەوەی ئەم پیاوە ناڕازییەکی بچوکیش بەرامبەر بەو ناونانە، دەرببڕێت. 
ئەوەی ئەم دۆخە بەرجەستەی دەکات، لە زۆر ڕووەوە، ئەو دۆخەیە کە لە دونیای کۆندا سوڵتان و پاشا و خەلیفەکانی تێدابووە. لەو قۆناغەی مێژوی مرۆڤایەتیدا ھەمیشە کۆمەڵێک نووسەر ھەبوون، بۆ مەبەستی جیاواز، ئەم جۆرە قسانەیان بۆ پادشا و سوڵتان و خەلیفەکان کردوە. لە ئەدەبیاتی سیاسیی ئیسلامیدا، بۆ نموونە، چوار جۆر کتێب ھەبوون کە باسیان لە چۆنیەتی ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان پیاوانی دین و پادشا و سیاسییە گەورەکان کردوە. تیایدا پادشا مەرجەعی سیاسیی و ئەوانیتر بەدەوریدا ھەموویان بوونەوەری کەمتر و گوێڕایەڵ بوون. ئەو کتێبانەش بریتیبوون لە: یەکەم  نصائح الملوك، ئامۆژگاریی پادشایان. دووھەم، الاداب السلطانیة، ئادابی سوڵتانیانە. سێھەم، ”مرایا الامراء“، ئاوێنەی ئەمیرەکان. چوارھەم، ”اداب الملوک“، ئادابی پادشایان. لە ھەموو ئەو کتێبانەدا پادشا و سوڵتان و ئەمیرەکان مەرجەع بوون و ئەوانیتر ڕەعیەتێکی گوێڕایەڵ، کە لە باشترین دۆخدا توانیویانە ئامۆژگاریی سوڵتان بکەن، بەبێ ئەوەی ئەو ئامۆژگارییانە ھێزی ئەوەیان ھەبووبێت پادشا بە دەرکردنی ئەم یان بەو بڕیار، ناچاربکەن.


نووسەرانی ئەم جۆرە کتێبانە لە زیاد لە بوارێکدا کاریانکردوە، ھەیانبووە مێژوونووس بووە، ھەبووە فەقیە یان پیاوانی دین بوون، کەسانێکی تر ئەدەیب و نووسەربوون، ھەشبووە سەر بەو توێژەبوو کە ناویان ”کتاب“ بووە و لەناو حاشیەی سوڵتاندابوون. ئامانج لە نوسینی ئەم جۆرە کتێبانە، یان ھەوڵدانی نووسەرەکە بووە بۆ خۆنزیککردنەوە لە سوڵتان و لەوێوە بەدەستھێنانی ھەموو ئەو دەسکەوتە مادییانەو ئەم نزیکبوونەیە مەیسەری دەکات، یاخود ھەندێکجار خودی سوڵتان خۆی داوای نووسینی کتێبێکی لەو بابەتەی کردوە و لەسەر ئەمری ئەو نووسراوە. 
مەبەست لە نووسینی ئەم جۆرە کتێبانە بەھێزکردن و پتەوکردنی پێگەی پادشا یان سوڵتان بووە وەک مەرجەعێکی سیاسیی بێڕکابەر. وەک تاکە بکەرێکی سیاسیی کە ھەموو ئەوانەی حوکمیان دەکات و بەسەریانەوە پادشایە، وەک ”ڕەعیەت“ مامەڵەدەکات. پەیوەندییەکە لە بنەڕەتیشەوە پەیوەندی حوکمڕانە بە ڕەعیەتەوە، ئەوەی غائیبە، لە سەرێکەوە، بیرۆکەی ھاوڵاتیی و مرۆڤی خاوەن مافە، لەسەرێکی دیکەوە، بیرۆکەی بەرپرسیارکردن و لێپرسینەوەیە لە حاکم و دەسەڵاتدار. 
کتێبەکان کۆمەڵێک ڕێوشوێنی تایبەت بۆ چۆنیەتی ھەڵسوکەوتی پادشا لەگەل ڕەعیەتەکانیدا، پێشنیاردەکەن. باس لە چۆنیەتی ھەڵبژاردن و مامەڵەکردنی وەزیرەکان و کەسانی دەوروبەرە نزیکەکەی پادشا دەکەن. پێشنیاردەکەن پادشا لەگەڵ کێدا ھەڵسێت و دانیشێت، چۆن مامەڵەی دوژمنەکانی بکات، چۆن لەگەڵ دۆستەکانیدا بجوڵێتەوە، ھتد.. ئەم کتێبانە ھەندێکجار کۆمەڵێک ئامۆژگاریی ئەخلاقیی پادشاشیان کردوە و بۆیان ڕوونکردۆتەوە ئەخلاقیاتی حوکمڕان چۆنبێت، لەوانەش، بۆ نموونە ئەو بەھایانە کامانەن کە پێویستە حوکمڕان ھەیبێت و ھەڵگریانبێت. لەوانە، بۆ نموونە، پێویستە: ئازابێت، بەخشندەبێت، لێبوردەبێت، دڵفراوانبێت، بە زەبر بێت، ڕاڕا و دوودڵ نەبێت، ھتد... بەھیچ شێوەیەکیش نابێت ترسنۆک و بێبڕیار و بەخیل بێت.  لە دونیای بەر لە دونیای مۆدێرندا، بوونی ئەم جۆرە ئاکارانە گرنگبوون، چونکە دەسەڵات دەسەڵاتێکی شەخسیی و جەستەیی بووە، دەزگا و یاسا و میکانیزمی تایبەت بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و ڕێکخستنی حوکمڕانیی بوونیان نەبوەوە، لە نێوان دەسەڵات و خاوەنی دەسەڵاتدا مەسافەیەک نەبووە، خاوەنی دەسەڵات ھەموو دەسەڵات بووە. ھەموو ئەو ئامۆژگاریی و پێشنیارانە بە مەبەستی بەھێزکردن و درێژکردنی تەمەنی دەسەڵاتی پادشا و باڵادەستبوونی بەسەر ڕەعیەتەکانیدا بووە، خوازیاری پاراستنی پێگەکەی بووە وەک مەرجەعی سیاسەت  و درێژکردنی تەمەنی حوکمڕانییەکەی. لە ڕاستیدا زۆربەی ئەوانەی ئەوجۆرە کتێبانەیان نووسیوە، خۆیان باوەڕیان بەوە نەبووە پادشا یان سوڵتانێک ھەبێت دادپەروەر و پیاوچاکبێت. بۆیە نووسینی کتێبەکان دەکرێت، لە پاڵ تەماحی شەخسیی نووسەرەکانیاندا، وەک ھەوڵدانێکیش بۆ دروستکردنی پادشایەک بەلانی کەمی دادپەروەرییەوە، ببینرێت. 

لە دونیای مۆدێرندا ئەم جۆرە نەسیحەت و ئادابی سوڵتانییە سەردەمی بەسەردەچێت و کۆتاییانپێدێت. شتێک بەناوی مەرجەعی سیاسییەوە بوونی نامێنێت. حوکمڕانان لە دونیای ئەمڕۆدا ھەڵدەبژێردرێن، ماوەیەکی دیاریکراو حوکمدەکەن و دوای ئەوە دەڕۆن و وازدەھێنن. شتێک بەناوی مەرجەعی سیاسییەوە بوونی نامێنێت، خۆ ئەگەر ناچاریش وابکات دەستەواژەی مەرجەع بەکاربھێنرێت، ئەوکاتە تەنھا باس لە ”دەستور“ی وڵاتەکە دەکرێت وەک مەرجەع، مەرجەعی ھەمووھێز و کەس و ڕێکخراوێکان، نەک بوونی ئەم یان ئەو سیاسیی و پیاوی دین. دونیای مۆدێرن دونیای سەندنەوەی دەسەڵاتە لە سوڵتان و بەخشینیەتی بە دەزگاکان، دابەشکرنیەتی بەسەر چەندان تەوەرەی جیاوازدا، ھێنانەدەرەوەیەتی لە ژووی حوکمڕان و مەرجەع و گواستنەوەی بۆ ناو ڕووبەری گشتیی کۆمەڵگا.  ئەوەی لە ئێستای وڵاتێکی وەک وڵاتی ئێمەدا پێویستە ڕووبدات گواستنەوەیە لە دەسەڵات و دەوڵەتی سوڵتانەوە وەک مەرجەع، بۆ دەسەڵات و سوڵتانی دەوڵەت خۆی وەک کۆمەڵێک دەزگا و یاسا و میکانیزمی ڕوون و شەفافی حوکمڕانییکردن. لەباتی ئەوەی خەریکی دروستکردنی مەرجەع و دەسەڵاتی شەخسیی بێلێپرسینەوەبین، وەک لە کۆمەڵێک وڵاتی ھەرە خراپی ناوچەکەدا دەیبینین، پێویستە لە خەمی کایەیەکی سیاسیی مۆدێرن و بیناکردنی دەوڵەتدا بین، وەک دەزگایەکی مۆدێرن. ئەوەی کورد و میلەتانی تری ئەم ناوچەیە پێویستیان پێیەتی سوڵتانێکی بەھێز یان عاقڵ یان ناعاقڵ نییە، مەرجەع نییە لە مۆدێلە سیاسیی و دینییەکەیدا، حوکمڕانییەکیش نییە بە نەسیحەت کاربکات، بەڵکو دەوڵەتێکی مۆدێرنە کە تیایدا سێ مەسەلەی سەرەکیی کاردەكەن: یەکەمیان دەستەبەرکردنی ماف، دووھەمیان پاراستنی کەرامەت، سێھەمیان بوونی بەرپرسیاریەت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand