وەڵام بە نائومێدییە گەورەکان

Draw Media

2022-09-04 15:00:39



مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

ھەر کەسێک بە وردیی لە دۆخی ئەمڕۆکەى کۆمەڵگای ئێمە ڕابمێنێت، چەندان گۆڕانکاریی دەبینێت کە دۆخی ئێستاکەی ئەو کۆمەڵگایە بەشێوەیەکی بەرفراوان، لەوەی نیو سەدەیەک لەمەوبەر لەئارادابووە، دادەبڕێت. ئەوەی ئەمڕۆ ھەیە و دروستکراوە  درێژکراوە و سەرلەنوێ بەرھەمھێنانەوەی ئەوە نییە، کە نیو سەدە لەمەوبەر لە ئارادابووە. تێنەگەیشتن لەم ڕاستییە سۆسیۆلۆژیە سادەیە یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ئەو نائومێدییەی لای بەشە چالاک و زیندوەکەی کۆمەڵگای ئێمە ھەیە و ھەستیپێدەکرێت. 
بەر لە ھەمووشتێک با سەرنجی سیستمی بەھاکان بدەین. ھەرکەسێک پێیوابێت کۆمەڵگای ئێمە لە ئێستادا کۆمەڵێک بەھا دەژیی، سەدەھا ساڵە ھەن و لەمڕۆشدا بەبێ گۆڕان و بەھەمان ناوەرۆکەوە ئامادەن، بە ھەڵەدا چووە. یاخود پێیوابێت سیستمێکی ئەخلاقیی لەو کۆمەڵگایەدا سەروەرە، کە بەھاکانی سەدەھا ساڵ تەمەنیان ھەیە و وەکخۆیان و بێگۆڕانکاریی لە ڕابردووەوە بۆ ئێستا، گواستراونەتەوە. ئەوەی ئێستا لە ئاستی بەھادا ئامادەیە، بەرھەمھێنانەوە و سەدبارەکردنەوەی بەھای کۆن و دێرین نییە، بەڵکو ئەو دۆخەیە کە چەندساڵێک لەمەوبەر لە نووسینێکمدا ناوی دۆخی ”شڵەژانی پێوانەیی“م لێنا. ”شڵەژانی پێوانەیی“ بەمانای تێکچوونی سەرجەمی ئەو بەھا سەرەکیی و بنەڕەتییانەی لە کۆمەڵگادا باش لە خراپ و دەشێت لە ناشێت و جوان لە ناشیرین و چاکەکاریی لە خراپەکاریی، جیادەکاتەوە. لەم ئاستەدا دۆخێک دروستبووە کە پەنجا ساڵێک لەمەوبەر بوونی نەبووە، کۆمەڵگایەک ھاتۆتەکایەوە جیاواز لەوەی جاران ھەبووە. لەم کۆمەڵگا تازەیەدا، کە بەرخۆریی لەناوەوە بونیادی بەھاکان و پەیوەندییەکانی داڕشتوە، توانای بەرخۆریی و مەسرەفکردن بووە بە بەھای ژمارە یەک و خودی بەرخۆریی خۆیشی بە ناو سەرجەمی کایە و بوار و فەزاکانی ئەو کۆمەڵگایەدا، بڵاوبۆتەوە.  بۆ نموونە پەککەوتنی مانای ئیشکردن و جێگرتنەوەی بە دەوڵەمەندبوونی خێرا لە ڕێگای دزیی و گەندەڵیی سیستماتیک و لە ڕێگای نزیکبوونەوەوە لە بازنە داخراوەکانی دەسەڵاتەوە. ئەم دۆخە مانایەکی بۆ ئیشکردنی ئاسایی، نەھێشتۆتەوە. ئەو بەھا تەقلیدیەی لە کۆمەڵگای ئێمەدا بەرگریی لەوەدەکرد کە ”دەستی ماندوو لەسەر سکی تێرە“ ، لەمڕۆدا گۆڕاوە بۆ ”دەستی دزیی و گەندەڵی لەسەر سک و ناوگەڵی تێرە“. 


بەڵام ئابوریی تاڵانیی و بەرخۆریی تەنھا کاری بێمانا نەکردوە، بەڵکو یەکێک لە دەرەنجامە سەرەکییەکانی تری بریتییە لە بەرھەمھێنانی چەندان فۆرمی نارسیزمیی بیمار و ناتەندروست، نارسیزمێک ”من“ێکی بەرخۆری ئاوساو و فوتێکراو، بەڵام دابڕاوی لە لانی ھەرەکەمی خەم و خەون و بەرپرسیارێتی گشتیی، دروستکردوە. ”من“ێکی ئاوساو کە خۆی بەسەرەتا و کۆتایی ھەموو شتەکان دادەنێت و بە ھیچ مانایەک لە خەمی دروستکردنی جیھانێکی ھاوبەش و پێکەوەیی ئینسانیددا بۆ ھەمووان، نییە. لە ئاستە سیاسیەکەیدا، ئەم فۆرمە لە نارسیزم، لە سەرێکەوە لەدرستبوون و گەورەبوونی دەسەڵاتێکی خێزانیی و بنەماڵەیی تایبەتدا بەرجەستەیە، لەسەرێکی دیکەوە، ئەندامانی ئەو بنەماڵانەی والێکردوە خۆیان نەک تەنھا بە تاقە کەسانێکی شایستەی حوکمڕانیی بزانن، بەڵکو سەرجەمی وڵاتەکەش، بە دانیشتوانەکەشییەوە، وەک موڵکی شەخسیی خۆیان و بنەماڵەکانیان ببینن و مامەڵەبکەن. ھەموو کەسێکی ناڕازیی دەرەوەی خۆیشیان، بەر لەوەی وەک ھەڕەشەیەکی سیاسیی ببینن، وەک ھەڕەشە بۆ سەر ئەو نارسیزمە بیمارە تاکەکەسیی و خێزانیی و بنەماڵەییە دەبینن. 
 خاڵێکی دیکە کە پێویستە ئاشکرابێت ئەوەیە، ئەوە گۆڕانی میزاج و سایکۆلۆژیای تاکەکەسەکان نییە، کە ھۆکاری گۆڕانی بەھاکانە، بەڵکو ئەوەی ھۆکاری گۆڕانی بەھاکانە، ئەو شێوازی پەیوەندیی و جۆری کارلێکردن و کارلێکردنی پێچەوانانەیە، کە لە کۆمەڵگادا لەنێوان پێکھاتە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانیدا، دێنەکایەوە. نەخشەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای ئێمە لە دوای ڕاپەڕینەوە گۆڕانی ھەمەلایەنی بەسەرداھاتوە، پێکھاتی چینایەتی، پێکھاتی نوخبەکان، پێکھاتی پیاوانی دین و ھێزە دینییەکان، ناوەندە میدیایی و ڕۆشنبیرییەکان، ھەموویان بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕانی گەورەیان بەسەرداھاتوە. ئەوەی لە ئێستادا دەیبینین لەدایکبوونی کۆمەڵگایەکە تیایدا سەدەھا دیاردەی نوێ لەدایکبووە، چەندەھا بکەری ئابوریی و سیاسیی و دینیی و فەرھەنگیی و میدیایی نوێی ھاتونەتەکایەوە، جۆری تازە و نوێی ڕۆشنبیر دروستبوون، کە ھیچیان پەنجا ساڵێک لەمەوبەر نەک بونیان نەبووە، بەڵکو لەناو خەیاڵی کۆمەڵایەتیی ئەو کۆمەڵگایەشدا ئامادەییان نەبووە. لە سەرجەمی ئەم ئاستانەدا لەباتی بەردەوامیی و خۆدووبارەکردنەوە، دابڕان ھەیە، دابڕانی گەورەش. ھەر لێرەوە ئەو بەھا تازانەی لە ئێستادا دروستبوون، ھیچ شتێک نایانباتەوە ناو ئەو بەھا تەقلدیی و باڵادەستانەی سەدەیک یان نیوسەدە لەمەوپێش لە کۆمەڵگای ئێمەدا ھەبوون و ئیشیانکردوە. 
ئامادەگیی جۆری تازە لە دزیی و جەردەییش، فۆرمی نوێ لە ئابوریی مافیایی، بە کۆمپانیاکردنی حیزب، ھەڵئاوسانی ڕیزەکانی، شێوازی تازەی دەستێوەردانی شێوێنەرانە لە سیستمی بیرۆکراسیی، پەکخستنی دەزگاکان وەک دەزگای خاوەن لۆژیکی تایبەت بەخۆیان، دروستکردنی توانای نوێی کۆنترۆڵ و چاودێریکردن، تا بە چاودێریی وردەکارییەکانی ناو ژیانی شەخسیی کەسەکان دەگات، لە دەرکەوتە تازەکانی ئەو دۆخەیە کە ئێستا سەروەرە. ئینجا بەبازرگانیکردنێکی تەواوی سیستمی تەندروستیی، شێواندنی سیستمی خوێندن بەشێوەیەک سیستمی پەروەردە لەناوەوە تەواو پارچەپارچە ببێت، دروستبوونی ھەندەسەیەکی نوێ بۆ شارسازیی کە ھاتنەکایەی گیتۆی کۆمەڵایەتیی لە دەرەنجامە سەرەکییەکانیەتی، دروستبوونی چەند دنیایەکی لەیەکتری دابڕاو و تەریب بەیەک کە ھێز و توندوتیژیی بەیەکەوە گرێیانئەدات، دروستبوونی پاسەوان، لەدایکبوونی فۆرمی تازەی دەوڵەمەندبوون و فۆرمی تازەی ھەژارکەوتن.  ئینجا لەدایکبوونی کایەیەکی ڕۆشنبیریی و ئەدەبیی و ھونەری نوێ پڕ لە دابەشبوون و تاقمگەرایی و ململانێی خێڵەکییانە، دوور لە لانیکەمی ئەخلاقیاتی نووسین و ئاڵوگۆڕی فیکریی مەنھەجیی و زانستییانەوە. 

بوارێکی تر کە گۆڕانکاریی گەورەی تیادا دروستبووە بواری دین و دیندارییە. دروستبوونی فۆرمی تازەی دینداریی کە پێشتر لە دونیای ئێمەدا بوونی نەبووە، گەشەی سەلەفیەتی دینیی، بە سیسیبوونێکی ھەمەلایەنەی دین، ھاتنەکایەی بازاڕی دروستکردنی لاشەی دینیی داپۆشراو، بەھێزبوونی ڕەھەندە نمایشکارەکانی دینداریی، دروستبوونی توریزمی دینیی، ھاتنەکایەی بانگخوازیی دینیی ھەمەجۆر، دروستبوونی دەیان کەناڵی دینیی جیاواز بۆ بڵاوکردنەوەی دین  لە دەرەوەی مزگەوتدا، بەناو کۆمەڵگادا. لەوانەش، بۆ نموونە، دروستبوونی دەیان ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن و سایت و ماڵپەڕی دینیی، دروستبوونی کتێبخانە و سێنتەری دینیی تایبەت و جیاواز، دروستبوونی وەزارەت بۆ کاروباری دینیی، دروستبوونی چەندان پارتی سیاسیی دینیی و دروستبوونی دەیان ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنیی دینیی. ئەمە جگە لە گەورەبوون و زیادبوونی ژمارە و بڕی مزگەوت و تەکیە و خانەقا دینییەکان خۆیان و زیندوکردنەوە و بەھێزکردنیان بە ئامانجی سیاسیی.
لەپاڵ ھەموو ئەمانەدا ھاتنەکایەی گۆڕانکارییە تەکنۆلۆژییەکان، بە تایبەتیی گۆڕانکاریی لە بواری تەکنۆلۆژیای پەیوەندیدا. ئەم تەکنۆلۆژیایە بۆ یەکەمینجار لە مێژووی ئێمەدا توانای قسەکردن و خۆنمایشکردن بە کەسەکانێکی زۆری ئەو کۆمەڵگایە دەبەخشن، کە پێشتر نەبینراو و نەناسراو بوون. دروستبوونی ژینگەیەکی دیگیتاڵی تەریب بە دنیای ناو واقیع. ئەمەش لە ئاستێک لە ئاستەکاندا دابەشکردنی ژیانی کەسەکان بەسەر دوو جیھاندا، کە ھەریەکێکیان لۆژیکێکی جیاواز بەڕێوەیان دەبات و زۆرجار لەناویاندا کەسەکان شتی جیاواز و ناکۆک بەیەک، دەڵێن و دەنووسن و ئەزمووندەکەن.  
یەکێک لە دەرەنجامە کۆمەڵایەتیی و سیاسییە سەرەکییەکانی ئەو دۆخەی لەسەرەوە باسکرا، دروستبوونی شێوازی نوێ و ھەمەلایەنەی دابەشبوون و پارچەپارچەبوونی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و دینیی و ئەخلاقیی و ڕەمزییە.  لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە دەپرسێت ”ئایا ئێمە پێویستە لە دۆخێکی لەو بابەتەدا چی بکەین“؟ دەبێت سەرەتا لەو خاڵەوە دەستپێبکەین کە شتێک بەناوی ”ئێمە“ەوە لە ئێستای ئەو کۆمەڵگایەدا لەئارادا نییە. ”ئێمە“ وەک ھێز و پرۆژەیەکی مێژوویی ڕێکخراو. ”ئێمە“، ھیچ ”ئێمە“یەک پێدراوێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرھەنگیی و دینیی نییە کە بە سروشتی بوونی ھەبێت و ئامادەبێت، بەڵکو یەکەیەکی کۆمەڵایەتییە دەبێت دروستبکرێت. ھاوکات مەرجیش نییە ھەموو ”ئێمە“یەک ئێمەیەکی مێژوویی چالاک و خاوەن خەونی گۆڕانکاریی بێت، یاخود توانا و وزە و خەونی دەسکاریکردنی جیھانی ھەبێت، یان لانیکەم ئەگەری دەسکاریکردنی جیھانی لەناوخۆیدا ھەڵگرتبێت.
بە کورتییەکەی، لەناو ئەو دونیا تازەیەدا کە دروستبووە لە پەیوەندیدا بە پرۆژەی گۆڕانکارییەوە، دروستکردنی ئەو ”ئێمە“ مێژووییە پێداویستیی ژمارە یەکی ئەو دۆخە مێژووییە تایبەتەیە. ”ئێمە“یەک بتوانێت دەسکاریی ئەو واقیعە پارچەپارچە و کۆنترۆڵکراوە بکات، یان ئەو ئەگەری دەسکاریکردنەی تێدابێت. بەبێ ھەوڵدان بۆ دروستکردنی ئەو ”ئێمە“یە، ئەوەی دەمێنێتەوە شێوە جیاوازەکانی  ڕەشبینیی و نائومێدییە. ئەوەی دونیای ئێمە پێویستی پێیەتیی دروستبوونی دیدێک نییە بەرگریی لەوەبکات ھەرکەسە و بە تەنھا خۆی ڕزگاربکات، بەڵکو پێویستی بە ”ئێمە“یەکی مێژوویی خاوەن پرۆژە و توانای گۆڕانکارییە. گرەوی ھیچ ساتەوەختێکی مێژوویی لەوەدا نییە ھەر کەسێک بە تەنھا و بە شێوەیەکی شەخسیی خۆی ڕزگاربکات، بەڵکو لەوەدایە ھەوڵی دروستکردنی ئەو ”ئێمە“یەی تێدابێت کە بتوانێت وەک بکەرێکی مێژوویی کاربکات و کاریگەربێت.  تەنھا ئەو ”ئێمە“ مێژووییە وەڵامە بە نائومێدییە گەورەکان. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand