سەرەتای پەیوەندییەكانی كوردو مۆساد

Draw Media

2022-07-05 19:16:18



درەو: شۆڕشنامە 
دوو نووسەری ئیسرائیلی سەرەتای پەیوەندییەكانی كوردو ئیسرائیل ئاشكرا دەكەن. سەرۆكی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل "مۆساد" دەڵێت: شتێكی باوەڕپێنەكراو بوو كە نێردەی فەرمی ئیسرائیل لە بارەگای سەركردەی كوردەكانی باكوری عێراق جێگیربوو.
مایەر ئامیت (1921 - 2009)، لە (1963 - 1968) سەرۆكی مۆساد بووە، لە كۆتایی (1965)دا لە یاداشتنامەی خۆیدا نووسی "خەونەكەمان خەریكبوو بە ڕاستی وەربگەڕێ. شتێكی باوەڕپێنەكراو قەوما. نێردەیەكی فەرمی ئیسرائیلی لە بارەگای مەلا مستەفا بارزانی (سەركردەی كوردە هەڵگەڕاوەكانی باكووری عێراق) جێگیربوو".
نووسەرانی كتێبەكە دەڵێن: گەیشتنی ئەفسەرەكانی مۆساد بۆ كوردستان، بە سەركەوتنێكی مەزنی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلی دادەندرا. ئەوە بۆ یەكەمین جار بوو پەیوەندی بە یەكێ لە سێ پێكهاتە سەرەكییەكەی دەوڵەتی عێراقەوە بكرێ كە كورد بوون، ئەوانەی بە پێداگیرییەوەو شەڕێكی لەبنەهاتوویان دژی حكوومەتی بەغدا بەرپاكرد. شۆڕشگێڕەكان كە بارزانی سەركردایەتی دەكردن، ڕوبەرێكی بەرفراوانیان لەنێو عێراقدا لەبن دەستدا بوو. خۆ ئەگەر مۆساد بتوانێ شۆڕشگێڕە كوردەكان بكاتە هێزێكی سەربازی بەهێز، ئەوا سەرانی عێراق ناچاردەبن تیشكۆی هزرو كاریان بخەنە سەر كێشەی ناوخۆیی، ئەوسا توانستیان بۆ شەڕكردن لەگەڵ ئیسرائیلدا لەبەین نامێنێ. هاوپەیمانێتی لەگەڵ كورددا دەبووە دەستكەوتێكی ڕاستەقینە بۆ ئیسرائیل.
ئەو دوو مۆسادەی یەكەمین جار، سێ مانگی ڕەبەق لە كوردستان مانەوە. بارزانی لە بازنەی داخراوی خۆیەوە بەخێری هێنان، بۆ هەر كوێیەك چووبا لەگەڵ خۆی دەبردن‌و هەموو نهێنییەكانی خۆیشی بۆ دركاندن. ئەو دیدارە یەكەمینەش بووە مایەی هاوكاریێكی پتەو، كە ساڵانێكی زۆر درێژەی كێشا. بارزانی‌و سەرانی هێزی چەكداری كورد سەردانی ئیسرائیلیان كرد ؛مایەر ئامیت‌و یاریدەدەرانیشی هاتنە كوردستان؛. ئیسرائیل چەكی دایە كوردو بەرگری لە بەرژەوەندییەكانی خۆی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا كرد.
ئەو نوسەرانە چیرۆكی یەكێك لەو دوو مۆسادە دەگێڕنەوەو دەڵێن: «بێنی زیڤی»، ئاژانێكی پلەباڵای ئیسرائیلی كە سەردانی كوردستانی كردبوو، لەكاتی سەردانەكەیدا «جەلیلە»ی ژنی لە لەندەن بەجێهشتبوو، دووگیان بوو، خانمەكە لە چاوەڕوانی منداڵبووندا بوو. «ناداڤ» كوڕەكەی بێنی زیڤی لە كاتێك لەدایكبوو كە باوكی لە شاخە سەختەكانی كوردستاندا لەگەڵ بارزانیدا بوو. ئەوێ دەمێ بروسكەیەكی كۆدەدار دەگاتە دەست «بینی زیڤی». بروسكەكە لە «ڕیمۆن»وە واژۆ كرابو. ڕیمۆنیش نازناوی كۆدەداری مایەر ئامیت بوو. بروسكەكە وا دەخوێندرایەوە: "دایك‌و منداڵەكە لە تەندروستێكی زۆرباشدان. مازال تۆڤ(بەختێكی باش)"!.
كاتێكیش بازرانی هەواڵی منداڵبوونەكە دەبیستێتەوە، چوار بەرد دێنێ‌و زۆریان دەنەخشێنێ. بانگی زیڤی دەكاو پێیدەڵێ: "ئەمە دیاری منە بۆ كوڕەكەی تۆ. هەر كاتێك گەورە بوو، دەكرێ بێتە وڵاتەكەمان‌و داوای پارچە زەوی خۆی بكاتەوە".

* میخائیل بار زۆهارو نەسیم میشال: كتێبی (كردە هەرە گرنگەكانی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیلی مۆساد)، وەرگێڕانی: شەفیقی حاجی خدر. لاپەڕەكانی (300 - 302).

 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand