سیاسەت و ئەخلاق

Draw Media

2022-06-12 08:32:13



مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

 

یەکێک لە دیاردە بەرچاوەکانی نێو دونیای ئێمە تەڵاقدانی سیاسەتە بۆ ئەخلاق و تەڵاقدانی ئەخلاقیشە لە سیاسەت. ھەردوو لایەنەکە وەک دژەدیوی یەکتری وێنادەکرێن و دیوارێکی گەورە لەنێوانیاندا دروستدەکرێت، جیاکردنەوەی سیاسەت لە ئەخلاق و تێکەڵنەکردنی ئەخلاق بە سیاسەت، لە جیاکردنەوە و تێکەڵنەکردنە ڕیشەییەکانی ناو دونیای ئێمەن. کە باس لە سیاسەتکرا باس لە ئەخلاق ناکرێت و کە باسیش لە ئەخلاق کرا باس لە سیاسەت ناکرێت. دانانی ئەم کایەیە وەک دوو کایەی تەواو ناکۆک بەیەکتریی بەشێکە لە دیدی باڵادەست ھەم بۆ سیاسەت و ھەم بۆ ئەخلاق. ڕەنگە کەس لەم ناوچەیەی ئێمەدا ھێندەی محەمەد عەبدە  (١٨٤٩-١٩٠٥) ئەم ڕوانینە نیگەتیڤەی بۆ سیاسەت و ئەو ناکۆکییە بنەڕەتییەی لەنێوان سیاسەت و ئەخلاقدا پێشنیاردەکرێت، بەرجەستە نەکردبێت. محمەد عەبدە لە نیوەی دووھەمی سەدەی نۆزدەھەمدا، یەکێک لە خوێندەوارە دینییە گەورەکانی جیھانی موسڵمانان و لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا موفتی میسر، بوو. لە چەند دێڕێکی بەناوبانگیدا دەربارەی سیاسەت، دەڵێت: ”سیاسەت لە قورئاندا درەختە نەفرەتلێکراوەکەیە، پەرستنی خواست و حەز و ئارەزوەکانە، بریتییە لە کەوتنەدوای ھەنگاوەکانی شەیتان“، ”السیاسة الشجرة الملعونة في القرآن، ھي عبادة الھوى واتباع خطوات الشیاطین“. بە بۆچونی من، ئەم بە بەد و کەمنرخ و بێڕەوشتکردنەی سیاسەت و ئەم جیاکردنەوەیەی لە ئەخلاق و چاکەکاریی، یەکێکە لە ھۆکارە سەرەکییەکانی ئەو دۆخە نالەبارەی ئەمڕۆکە لە بەشێکی بەرچاوی ئەو ناوچەیەدا دروستکراوە، بەبێ گۆڕینی ئەم ڕوانینە نێگەتیڤە بۆ سیاسەت زەحمەتە سەرەتایەک بۆ دروستکردنی جیھانێکی جیاواز دروستبکرێت. 


بەڵام ئایا سیاسەت و ئەخلاق دووانەیەکی دژ بەیەکن، یاخود دەکرێت ئەمیان وەک تەواوکەری ئەویتریان ببینین و ھەریەکێکیشیان بە ئاستێکی تایبەتیی بوونی تاکەکەسیی و بوونی دەستەجەمعی مرۆڤەکانەوە گرێبدەین. لە فیکر و فەلسەفەی سیاسیی کلاسیکیدا پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان ئەو دووانەدا پێشنیاردەکرێت. لای کەسێکی وەک فارابی، بۆ نموونە، سیاسەت و ئەخلاق ھەردووکیان سەر بە یەک جۆر چالاکین، کە چالاکی ”تەدبیر“ە، واتە چالاکیی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ژیانەوە ھەیە. ئەخلاق ”تەدبیر“ی ژیانی تاکەکەسیی دەکات، سیاسەتیش ”تەدبیر“ی ژیانی پێکەوەیی و گشتیی مرۆڤەکان لەگەڵیەکدیدا.  وشەی ”تدبیر“ بە مانای ڕێکخستن و بەڕێوەبردن دێت. مرۆڤ لە ئەخلاقدا لە خەمی باشترکردن و پێشخستنی ژیانی تایبەت و کەسایەتیی خۆیدایە وەک تاکەکەسێک، بەڵام لە سیاسەتدا خەریکی باشترکردن و پێشخستنی ژیانی گشتیی و پێکەوەییە لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵیاندا دەژیی. لەم دیدەدا سیاسەت مانای چالاکی ڕێکخستنی ژیانی گشتیی و دەستەبەرکردنی چاکەی گشتیی. ئەخلاقیش مانای ڕێکخستنی ژیانی تاکەکەسیی و دەستەبەرکردنی چاکەی تاکەکەسیی. لە سیاسەتدا تاکەکەسەکان پەیوەندییان بە خۆیان و بە دەوروبەر و بە مرۆڤەکانی ترەوە ڕێکدەخەن، لە ئەخلاقدا پەیوەندیەکانی مرۆڤ بە خۆی و بە ئەوانیترەوە، وەک تاکەکەسێک.  لە سیاسەتدا مرۆڤەکان بە کۆ  ئامادەن و بە کۆ پەیوەندییەکانی خۆیان لەناو خۆیاندا ڕێکدەخەن، سەرقاڵی ڕێکخستنی ئەو شتەن کە بەیەکەوە دروستیدەکەن و ھاوبەشە لەنێوانیاندا. لە ئەخلاقدا تاکەکەس سەرقاڵی داڕشتنی پەیوەندییەکانیەتی بەخۆی و بە کەسانی دەوروبەرییەوە. بەڵام لە ھەردوو کایەکەدا مرۆڤ ھەم وەک تاکەکەس و ھەم وەک کۆ، بەدوای چاکە و باشەدا دەگەڕێن. لە یەکەمیاندا بەدوای چاکە و باشەی تاکەکەسیدا، لە دووھەمیاندا بەدوای چاکە و باشەی پێکەوەیی و دەستەجەمعیدا. ھەردوکیشیان دەیانەوێت مرۆڤ چ وەک تاکەکەس و چ وەک کۆ لە شەڕ و بەدیی و خراپەکاریی بپارێزن.
لەم دیدەوە ئەخلاق تاکەکەس و سیاسەتیش کۆمەڵگایەکی چاکەکار دروستدەکەن، ئەخلاق ئامرازی دروستکردنی تاکەکەسێکی چاکەکارە، سیاسەتیش ئامرازیی دروستکردنی کۆمەڵگایەکی چاکەکارە. لە ھەردووکیشیاندا مرۆڤ خۆی لەو خراپەکاریی و پێکدادان و جەنگ  و فێڵ و درۆ و دزیی و جەردەییانە دەپارێزێت کە دەشێت ڕووبدەن و ھەم تاکەکەس وەک تاکەکەس و ھەم کۆمەڵگاش وەک کۆمەڵگا، وێرانبکەن.  
لە دونیای مۆدێرندا و لەگەڵ سەرھەڵدانی بڕێکی گەورە لە ئایدیۆلۆژیا جەنگاوەر و شەڕانییەکاندا بەشێکی زۆری ئەم تێگەیشتنە بۆ پەیوەندیی نێوان ئەخلاق و سیاسەت دەسڕێتەوە. ئەم دوو ڕەھەندە سەرەکیی و گرنگەی ژیانی تاکەکەسیی و ژیانی دەستەجەمعی  بەشێوازی جیاواز لەیەکتری جیادەکرێنەوە و وەک دوو دژەدیو نمایشدەکرێن. ڕەنگە تیوریستی ئەڵمانی، کارل شمیت، کە بە تیوریستی نازیزم لە قەڵەم ئەدرێت، بەناوبانگترین کەسێکی سەدەی بیستەم بێت، سیاسەتی گۆڕیبێت بۆشتێک تەواو جیاواز و ناکۆک بەو دیدەی بۆ سیاسەت کە باسمانکرد. کارل شمیت گەشە بەدیدێک ئەدات تیایدا کاری سیاسەت چیتر ئەوە نییە کۆمەڵگایەکی چاکەکار دروستبکات، ئەوەش نییە لەڕێگای کاری پێکەوەیی و ھاریکارییەوە ژیانێکی گشتیی دوور لە جەنگ و خراپەکاریی دروستبکات. بە پێچەوانەوە ئەم نووسەرە جەنگ و پێکدادان و ململانێی خوێناوی وەک پێدراوێکی ئەبەدیی و وەک ژێرخانی کۆمەڵایەتیی پەیوەندیی مرۆڤەکان و میلەتەکان لەگەڵیەکدا، وێنادەکات. پێیوایە دۆخی ئاسایی مرۆڤەکان دۆخی پێکدادان و جەنگ و توندوتیژییە، ھەوڵدانە بۆ باڵادەستبوون بەسەر ئەوانیتردا.

بۆیە لەم دۆخەدا سیاسەت دەگۆڕێت بۆ چالاکی جیاکردنەوەی دۆست لە دوژمن. چالاکی جیاکردنەوەی ئەوەیە کێ لەگەڵ مندایە و کێ دژی منە. واتە سیاسەت دەگۆڕێت بۆ وێناکردنی دوژمن وەک پێدراوێکی ھەمیشەیی و بەردەوام، کەوا پێویستدەکات ھەموو کۆمەڵگا و گروپێک لە دۆخی گەڕانێکی بەردەوامدا بەدوای دۆستێکدا ھاریکاریبێت لە بەگژاچوونەوەی ئەو دوژمنەدا. بە ئەبەدیکردنی دوژمن ئەو دۆخەیە وادەکات سیاسەت بگۆڕێت بۆ چالاکیی ئاراستەکردنی ململانێکان و جیاکردنەوەی ئەوەی دوژمنە لەوەی کە دۆستە لەناو ئەو ململانێیانەدا. ئەم ڕێکخستنەی ململانێ و ئاراستەکردنی لەسەر بنەمای کۆمەڵێک پرنسیپ کە نامانبەنەوە ناو ئەخلاق، بەڵکو بە توندی گرێمانئەدەن بە قازانج و مەسڵەحەتی ھاوبەشی ئەم یان ئەو گروپەوە بەتەنھا. بەمجۆرە لەسەدەی بیستەمدا ئەم دیدگا نازییە بۆ سیاسەت دەگۆڕێت بۆ دیدگای باڵادەست و زۆرینەی ئەوانەش لەمڕۆدا باس لە سیاسەت دەکەن ئەم ڕوانینە نازییانە دووبارە و سەدبارە دەکەنەوە. دەرچوون لەم دیدە یەکێکە لە سەرەتا ھەرە گرنگەکانی دروستکردنی دونیایەکی جیاواز.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand