(درەو): جارێکی تر تاوانی کوژرانی کچان و ژنانی کورد لەسەر کەیسی "شەرەف" بووەوە بەمانشێتی میدیاکانی ئەوروپا. رۆژنامەی (دەیلی مەیل ) کە یەکێکە لە رۆژنامە بەناوبانگەکانی بەریتانیا چیرۆکی کوژرانی کچێکی کوردی بەناوی (بەناز مەحمود) بڵاوکردەوە. بەپێی راپۆرتی رۆژنامەکە، بەناز تەمەنی (۲۰ ساڵ) بووەو لەگەڵ خێزانەکەیدا لە باشوری لەندەن ژیاوەو خێزانەکەی یەکێکن لە خانەوادە دیارەکانی ناو رەوەندی کورد لەو ناوچەیە. رۆژنامەکە باسی لەوەکردووە، بەناز لە هاوسەرەکەی جیابوەتەوە بەهۆی ئەوەی ئازاری داوەو کوڕێکی تری خۆشویستووە، ئەمە لەلایەن خێزانەکەیەوە وەکو "تاوانی شەرەف" لێکدراوەتەوە، بۆیە مەحمودی باوکی و ئاری مامی، بەنازیان کوشتووە. بکوژەکانی دوای خنکاندنی بەناز، تەرمەکەیان لە باخی ماڵەکەیان شاردوەتەوەو پۆلیس لەچوارچێوەی لێکۆڵینەوەی گەڕانیدا بەدوای بەناز، تەرمەکەی دۆزیوەتەوە. دوای چوار مانگ پرۆسەی دادگایی، دادگا سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر هەریەکە لە مەحمودو ئاری برایدا سەپاندووە. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوەی جێگای مەترسییە، ئەم جۆرە تاوانانە کە تایبەتن بە مەسەلەی "شەرەف"، لەناو هەندێک لە توێژەکانی کۆمەڵگەی بەریتانیا دوبارەدەبنەوە، بەتایبەتی  ئەو کۆمەڵگایانەی کە باوک سالارین و پیاو تێیاندا بەشێوەیەکی ستەمکارانە حوکم دەکات و دەبێت ژنان بەبێ پرسیارکردنی فەرمانەکان جێبەجێ بکەن، بەپێچەوانە دوچاری مردن دەبنەوە لەژێرناوی "پاککردنەوەی شەرەف"دا. ئەگەر چی رووداوەكە لە ساڵی 2006 رویداوە بەڵام ئەمرۆ بەناوبانگترین رۆژنامەی بەریتانی وەك كاریگەریترین رووداو چیرۆكەكەی گێراوەتەوەو بڵاویكردۆتەوە 


درەو:  نوسەرو شارەزایەكی ئەمریكی داوا لە وڵاتەكەی دەكات رۆڵبگێرێت لە گێرانەوەی ئەو (ملیار )دۆلارەی هەرێمی كوردستان كە لە لوبنان دەستی بەسەردا گیراوە،  لەبارەی هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم بۆ روبەروبونەوەی قەیرانی كۆرۆنا و دارایی دەڵێت" مەسرور بارزانی سەركەوتوو بووە لە روبەروبونەوەی لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام كەمكردنەوەی موچەو دەماڵەی موچەخۆران كابینەكەی دەخاتە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی گەورەوە، كە كابینەكەی پێش خۆی هەوڵی چاكسازی لەباربرد".   (مایكل نایتس) شارەزا لەكاروباری سەربازی‌و ئەمنیی عێراق‌و ئێران‌و وڵاتانی كەنداو لەوتارێكدا بە ناونیشانی(چۆن دەكرێت خزمەتی بەرژوەندی ئەمریكا بكرێت لەڕێی ڕزگاركردنی ئابوری كوردستان)، كە لە پێگەی (THE WASHNGTON INSTITUTE )  نوسیویەتی" بۆ جاری دووەم‌و لەماوەی چەند ساڵێكدا هەرێمی كوردستان، ئەو بەشەی عێراق كە زۆرترین پشتیوانی ویلایەتە یەكگرتووەكان دەكات، ڕووبەڕووی داڕمانی ئابوری دەبێتەوە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت‌و، بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا، تەواونەكردنی چاكسازییە ئابورییەكان‌و، نەبوونی یەدەگی سیادی" (مایكل نایتس) لەبارەی سەرچاوەكانی داهاتی هەرێمەوە ئاماژە بەوەدەكات: هەرێمی كوردستان وەك حكومەتێكی نیمچە سەربەخۆ پشت بە دوو سەرچاوەی داهات دەبەستێت، یەكەمیان داهاتی تایبەت بە هەناردەكردنی نەوت كە داهاتی سەرەكییە‌و، ڕۆژانەی 320 هەزار بەرمیل نەوت بەشەریكی لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت لەهەرێم‌و هەندێك كۆمپانیای تری نێودەوڵەتی هەناردە دەكات، لەگەڵ نزیكەی 170 هەزار بەرمیل كە هەرێم خۆی ئیدارەی دەدات. سەرچاوەی دووەمیشیان ئەو پارەیەیە كە لەبەغدادوە دەستی دەكەوێت‌و، ساڵانە گۆڕانكاری بەسەردا دێت. (نایتس) دەشڵێت: لەكۆتایی ساڵی 2019دا، ئابوری هەرێم تا ئاستێك لەدۆخێكی باشدا بوو لەسایەی نرخی نەوت كە64 دۆلار بوو بۆ بەرمیلێك، بەڵام قەیرانەكانی ئێستا ئەو وێنە ئومێد بەخشەی لەناوبرد، وێڕایی دابەزینی بودجەی بەكاربردنی مانگە بە نزیكەی 950 ملیۆن دۆلار، داهاتەكانی هەرێم لە 648 ملیۆن دۆلار تێپەڕناكات. ئەوەش خۆی لەو پارەیە دەبینێتەوە لەبەغداوە بۆ دێیت كە بڕەكەی (328) ملیۆن دۆلارە. لەگەڵ ئەوەی بەسەربەخۆ دەیفرۆشێت كە بڕەكەی 270 ملیۆن دۆلارە، داهاتە ناو نەوتییەكانیشی 50 ملیۆن دۆلارە. ئەو كورتهێنانە مانگانەیەی دروست دەبێت بڕەكەی 300 ملیۆن دۆلارە، ئەوەش سەركردەكانی هەرێمی هانداوە بۆ بیركردنەوە لە كەمكردنەوەی پێدانی پارە بە وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییەكان كە بڕی مانگانەی بە 270 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت، وەك بەدیلی كەمكردنەوەی مووچە. ئەو نوسەرە ئەمركییە لەبارەی چۆنییەتی ڕزگاكردنی ئابوری هەرێمەوە نوسیویەتی: لەسایەی ئەو قەیرانی داراییە، حكومەتەكان مەیلیان بەلای كەمكردنەوەی پارەی وەبەرهێنەرە بیانییەكاندایە، ئەوە لەكاتێكدایە متمانەی وەبەرهێنەرەكان بە كوردستان زۆر لاوازە بەهۆی زنجیرە قەیرانەكانی ڕابردوو، تەنانەت پێش ئەم دۆخەش، هەرێم لەكۆتایی ساڵی 2019 لەپێدانی پارەی وەبەرهێنەرەكان دوادەكەوت بەهۆی  سڕكردنی یەدەگی دارایی لە بانكی دەریای ناوەڕاست(بحر ئەلمتەوەست) لەلوبنان. (نایتس) لەبارەی ئەولەویەتی سیاسەتی ئەمریكا لەكوردستان لەم دۆخەدا بەوپێیەی یەكێكە لە بەهێزترین هاوڕێ نزیكەكانی ئەمریكا لەناوچەكە بەپێویستی دەزانێت ئەمریكا هاوكاری هەرێم بكات لەڕێی: 🔹  زامنكردنی پشكی هەرێم لە بودجەی بەغداد بۆ ساڵی 2020، كاتێك نەوت لەنزیكەی 30 دۆلار لەنگەر دەگرێت هەرێم ناتوانێت خەرجییەكانی لەڕێی فرۆشتنی نەوتەوە دابین بكات. پێویستە لەسەر واشنتۆن هەژموونی خۆی‌و دامەزاروە داراییە نێودەوڵەتییەكان بەكاربهێنێت بۆ زامنكردنی ئەوەی كوردەكان ڕووبەڕووی سزای نادادپەروەرانە نەبنەوە. بەپێویستیشی دەزانێت  بەرپرسانی ئەمریكا پێداگری بكەن لەسەر پێدانی پشكسی هەرێم لەو هاوكارییە نێودەوڵەتییانەی دەدرێتبە عێراق بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا. 🔹  زامنكردنی پێدانی شایستە داراییەكان لەلایەن هەرێمەوە بە وەبەرهێنەرە بیانییەكان. پێویستە لەسەر وەزارەتی وووزەی ئەمریكا دەستبەجێ‌ بە بەرپرسانی هەرێم ڕایگەیەنێت كە پلانی ئێستایان بۆ دواخستنی پارەی كۆمپانیاكان كە 4 مانگ دواكەوتووە بۆ 9 مانگی تر دوابخرێت بەلانی كەمەوە، ئەو متمانە كەمەی وەبەرهێنەران ماویانە بەهەرێم ئەوەش لەناودەبات. لەبری ئەوە  پێویستە بەرپرسانی هەرێم لەگەڵ وەبەرهێنەرەكان كۆببنەوەو ڕێككەوتنێكی بەپەلە بكەن لەسەر داواخستنی شایستەداراییەكان بەڕەزامەندی هەردوولا. جوڵەكردنی بەپەلە كارێكی بنەڕەتییە، چونكە داڕمانی وەبەرهێنەرێك دەبێتە هۆی ترساندنی ئەوانەی تریش. 🔹 هاوكاریكردن لە ئاڵوگۆڕكردنی دیزلی هاوردەكراو بە غازی كوردی. وەزارەتی ووزەی ئەمریكا لەدۆخێكی باشدایە بۆ پشتیوانیكردنی پلانی هەرێم كە بەنیازی فراوانكردنی دابەشكردنی غازی سروشتتیە بەجۆرێك وێستگەكانی ووزە بگرێتەوە كەتائێستا بە دیزیلی گران بەهای هاوردەكراو كاردەكەن، ڕەنگە ئەم هەنگاوە مانگانە ملیۆنان دۆلار بۆ كوردەكان بگێڕێتەوەو، 750 میگاوات كارەبای زیادەش بە بڕەپارەیەكی كەم بەرهەمبهێنێت. 🔹 كڕینی نەوت كورد.  یەدەگی ستراتیجی ئەمریكا لەئێستادا نەوت بە نرخێكی هەرزان دەكڕێت، زۆربەی ئەو نەوتە لەبەرهەم هێنەرە ئەمركییەكان دەكڕێت،  بەڵام بوار هەیە هەندێكی لەدەرەوە بكڕێت، بۆ نمونە واشنتۆن دەتوانێت نەوتی خاوی كورد بكڕێت وەك شێوەیەك لەشێوەكانی قەرزی درێژخایەن‌و ئاسان لەم دۆخە ناهەموارەدا. 🔹  پشتیوانیكردنی پێشمەرگە. ئەمریكا لەئێستادا 17 ملیۆن دۆلاری مانگانە  دەدات بە هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبوڕووبونەوەی داعش‌و ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام ئەو هاوكارییە ساڵی ڕابردوو لە 23 ملیۆن دۆلارەوە كەمكرایەوە بۆ ئەو بڕەو، بڕیارە مانگی نیسان بە تەواوی ڕابوەستێت. پێویستە واشنتۆن لەسەر پێدانی ئەو هاوكارییە بەردەوامبێت تا ئەو كاتەی پێویست دەكات‌و، بڕكەشی زیادبكرێتەوە بۆ ئاستی ڕابردوو. 🔹 هاوكاریكردن لە گێڕانەوەی پارەكان لە بانكی (بەحر ئەلمتەوەست)،  هەرێمی كوردستان خاوەنی یەك ملیار دۆلاری سڕكراوە لەو بانكە لوبنان_یە، ئەوەش بڕە پارەیەكە دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە گۆڕانگاری  ئابوری هەرێم لەمەودای نزیكدا. بەوپێیەی ویلایەتەیەكگرتووەكان  وەبەرهێنەرێكی سەرەكی‌و لایەنێكی چالاكە لەبواری خزمەتگوزاری دارایی، ڕەنگە بتوانێت پرۆسەی گێڕانەوەكە خێرابكات. 🔹 دڵنیاكردنەوەی مەسرور بارزانی‌و  دەستكردن بە چاكسازییەكان، سەرۆكی وەزیرانی  هەرێمی كوردستان  پابەندە بەجێبەجێكردنی چاكسازی ئابوری، بەڵام حكومەتی پێشوو ئەو هەوڵەی لەسەرەتاوە لەباربرد لەڕێی نەهێشتنی كۆتوبەندەكان لەسەر كەمكردنەوەی مووچە لەكۆتایی ماوەی ویلایەتەكەی (كۆتایهێنان بە سیستمی پاشەوكەوتی مووچە)، كە ئەوەش تێچووی  200ملیۆن دۆلاری مانگانەی خستووەتە ئەستۆی حكومەتی ئێستا. مامەڵەی چالاكی مەسرور بارزانی لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا تواناو بەهێزیی ئەو دەردەخات وەك ڕیفۆرمخوازێكی ئابوری، كەمكردنەوەی مووچەو دەرماڵەكانیش لەم قۆناغەدا بەیەكەم تاقیكردنەوەی بەردەمی دادەنرێت. 


(درەو): محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی پێشووی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (روسیا الیوم): 🔹 لە پرسی پێکهێنانی حکومەتدا محەمەد حەلبوسی لە پێکهاتەی سوننەو نوری مالیکی و چەند لایەنێکی هاوپەیمانی فەتح لە دژم بوون و ئەوان هۆکاربوون نەتوانم حکومەتەکە پێکبهێنم. 🔹 سەرەتا بەتەواوەتی لەگەڵ کورد تێڕوانینمان جیاوازبوو، بەڵام لە کۆتایدا لەگەڵ کورد گەیشتمە رێککەوتنی تەواوەتی، هەرچەندە دەرکەوت کورد لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ حەلبوسی هەبوو لەبارەی ئەوەی پێکەوە بەشداری حکومەت بکەن یاخود بەشدار نەبن. 🔹 ئیران هیچ رۆڵێکی نەبوو لە کاندیدکردنمدا بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، بەڵام ئێرانییەکان دەیانزانی من کەسێکم کە دژیان نیم و لە ململانێی ئێران- ئەمریکادا لە ناوەڕاستدا راوەستاوم. 🔹 من پەیوەندیم دێرینم لەگەڵ ئەمریکیەکان هەیە، بەڵام پەیوەندییەکانم سیاسی نەبوون، ئەمریکیەکان لە کاندیدکردنم بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران سەرەتا هەڵوێستیان روون نەبوو، بەڵام دواترو دوای چەند دیدارێک لەگەڵ باڵیۆزو قسەکردن لەگەڵ مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوە بۆیان رونبووەوە کە من پاڵپشتی لە ئێران ناکەم و بێلایەنم. 🔹 پێموایە دەرفەتی عەدنان زوری بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت لە رێژەی ٥۰٪ تێناپەڕێت. 🔹 ئێستا ناوی هەریەکە لە عیزەت شابەندەرو عەبدولکەریم عەبتان و مستەفا کازمی دەهێنرێت بۆ کاندیدکردنیان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، بەبۆچونی من لە کۆتایدا هەموو ئەم ناوانە لادەبرێن و کەسێکی تر کاندید دەکرێت. 🔹 هیچ رێککەوتن و سازشێکم بۆ موقتەدا سەدر نەکرد، یەکەم دانوستان کە کردم لەگەڵ سائیرون و فەتح بوو، داوام لێکردن بەهیچ جۆرێک دەستوەردان نەکەن و حکومەت بەشێوەی پشکێنە نابێت، ئەوان پێیان وتم رەزامەندن لەسەر ئەو مەرجانە.


درەو میدیا:  چەند رۆژێکە دژی خراپی دۆخی ئابوری و پەرەسەندنی گەندەڵی لە لوبنان خۆپیشاندان دەستیپیکردووە، ئەمڕۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بە ئاشکراکردنی پەیوەندییەکی سۆزداری سەعد حەریری سەرۆک وەزیران بەنزینی بە ناڕەزایەتییەکاندا کرد، بە تایبەتیش کە باس لەوە دەکات حەریری بڕێکی زۆر پارەی بۆ خۆشەویستەکەی حەواڵەکردووە. رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی ئاشکرایکرد، بەر لە چەند ساڵێک سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی ئێستای لوبنان بڕی نزیکەی 16 ملیۆن دۆلاری داوە بەکچە نمایشکارێکی جلوبەرگی خەڵکی باشوری ئەفریقا. رۆژنامەکە باسی لەوەکردووە، ئەوکاتەی پارەکەی بەو کچە داوە سەعد حەریری سەرۆک وەزیران نەبووە، واتە هیچ سەرپێچییەکی یاسایی نەکردووە، بەڵام ئاشکرابوونی پەیوەندی سۆزداری ئەو لەگەڵ ئەو کچەدا لە کاتێکی خراپدایە، بە تایبەتی کە ئێستا لوبنان بەدۆخێکی ئابوری سەختدا تێدەپەڕێت. وەکو رۆژنامەکە باسی کردووە، سەعد حەریری لە ئایاری 2013دا پارەکەی خستوەتەسەر حسابی (کاندیس فان دێر میروی) کە نمایشکارێکی تەمەن (20 ساڵە)، پارەکە لەرێگەی بانکێکی لوبنانییەوە حەواڵە کراوە، وەکو کچەکە خۆی باسیکردووە پارەکە خەڵات بووە، بۆیە بەگوێرەی یاساکانی باشوری ئەفریقا هیچ باجێکی نەکەوتوەتەسەر. راپۆرتەکە باسلەوەدەکات، کاتێک پشکنەرانی حکومەت لەبارەی حەواڵەکردنی ئەو پارە زۆرە پرسیاریان لە بانک کردووە، نوێنەری بانکەکە وتویەتی ئەو کەسەی کە پارەکەی حەواڵە کردووە و ئەوەی سودمەند دەبێ لە پارەکە دوو کەسن کە پەیوەندی سۆزداری هەیە لەنێوانیان و پێکەوەن لە دورگەی سیشل. دەسەڵاتی دادوەری باشوری ئەفریقا گومانی لە سروشتی ئەو حەواڵە داراییانە هەیە کە بۆ ئەو کچە نمایشکارە هاتووە، بۆیە لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووەو لەو لێکۆڵینەوانەدا دەرکەوتووە پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ سەعد حەریری هەیە. بڵاوبونەوەی ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە چەند رۆژێکە لە لوبنان دژی خراپی دۆخی ئابوری و پەرەسەندنی گەندەڵی لە لوبنان خۆپیشاندان دەستیپێکردووە.


(درەو میدیا): ساڵح حسێن، سەرۆكی ماڵی ئێزدیی لە عێراق رایگەیاند كەسانێك لە ئیمارات‌و سعودیە‌و ئوردن كچە سەبیكراوە ئێزدییەكانیان لە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی " داعش" كڕیوە كە لە عێراق رفێندراون. ساڵح حسێن كە قسەی بۆ رۆژنامەی " القدس العربی" كردووە روونیشیكردوەتەوە كە ژمارەیەك لە ئیماراتی‌و سعودیی و ئوردنییەكان بە بڕێكی زۆر پارە كچان‌و ژنانی سەبیكراوی ئێزدییان لە داعش لە سوریا كڕیوە. سەرۆكی ماڵی ئێزدیی داواشی لە حكومەتی عێراق‌و وەزارەتی دەرەوە كرد كاربكات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو كچ‌و ژنە ئێزدییانەی بازرگانیان پێوەكراوە. هاوكات علی خانسۆری، چالاكی ئێزدیی رایگەیاندووە كە نرخی كچە ئێزدییەكان لە بازاڕەكانی داعشدا لە سوریا لە 10 هەزار دۆلار كەمتر نەبووە‌و رونیشیكردوەتەوە كە پرۆسەی فرۆشتنی ئەو كچانە لە رێگەی چەند دەڵاڵێكی سورییەوە ئەنجامدراوە كە دانوستانیان لەگەڵ چەكدارەكانی داعشدا كردووە‌و كچە ئێزدییەكانیان لێكڕیون.


(درەو میدیا): تیم ستانلی لە رۆژنامەی دەیلی تەلەگرافی بەریتانیی راپۆرتێكی بەناونیشانی" لە عێراق مەسیحییەكان باوەڕیان وابوو دۆخەكە باشدەبێت، بەڵام تەنها بۆ ماوەیەكی كورت باش بوو". نوسەری راپۆرتەكە دەڵێت دوای رێكخرای دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ئاشتی لە موسڵ‌و نەینەوا نەماوە‌و هێشتا ناكۆكی‌و ململانێی ئاینیی بەردەوامە. هەروەها نوسەر دەشڵێت لێدوانەی رەسمی دەڵێت كە باكوری عێراق لە دۆخەی ئاشتیدایە، رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی كۆتایی پێهێنراوە‌و سوپا‌و هاوپەیمانەكانی ئەركی بەرگریكردن لە ناوچەكەیان لە ئەستۆدایە، بەڵام وەك نوسەر دەڵێت هێشتا مەسیحییەكانی ناوچەكە رووبەڕووی پاكتاوكردن‌و چەوساندنەوە دەبنەوە‌و ئەوانەی دەتوانن بەرەو دەرەوەی وڵات بڕۆن دەڕۆن‌و ئەوانەشی ناتوانن خۆیان رووبەڕووی توندوتیژی زیاتر دەكەنەوە. قەشە پەنهام پینۆكا، لە كەنیسەكەی لە بەرتەللە، كە دوو سەرباز بە كڵاشینكۆف پاسەوانی دەكەن دەڵێت:" دۆخەكە زۆر لە كاتەكانی پێشووتر خراپترە، دۆخەكە زۆر دژوارترە هەتا كاتی پێش هاتنی دەوڵەتی ئیسلامیش". ئەو مەسیحییانەی كە هەزاران ساڵە لە دەشتی نەینەوا دەژین دەڵێن رۆشنبیری‌و شارشتانییان لەسەر دەستی ئەو میلیشیایانەی كە ئێران پشتیوانیان لێدەكات بەرەو لەناوچوون دەچێت. نوسەری راپۆرتەكە دەڵێت بەری خۆرئاوای موسڵ بەردەوامە لە ئاوەدانكردنەوە، بەڵام بەری خۆرهەڵاتی شارەكە كە دێرینترین ناوچەی شارەكەیە‌و زۆرینەی دانیشتوانەكەی مەسیحین، بریتیە لە وێرانەیەك، ساڵی 2014 كاتێك دەوڵەتی ئیسلامیی پەلاماری ناوچەكەیدا، هەڵمەتی وێرانكردن دەستیپێكرد، و شوێنە مێژووییەكانی وەك منارەی مزگەوتی نوری خاپوركرا كە ئەبوبەكر بەغدادیی تێیدا دامەزراندنی خەلافەتی راگەیاند. لەكاتی فەرمانڕەوایی داعشدا زۆرینەی مەسحییەكان بەرەو هەرێمەی كوردستان هەڵاتن، بەڵام هەموویان چانسی هەڵاتنیان نەبوو، ئەوانەی مانەوە ناچاربوون ببن بە موسڵمان بۆئەوەی رزگاریان ببێت‌و لەماوەی حوكمی دەوڵەتی ئیسلامیدا تاكە رێگە بۆ رزگاربوونی مەسیحییەكان ئەوە بوو ببنە موسوڵمانی سوننە نەك شیعە. رۆژنامەكە لە درێژەی راپۆرتەكەیدا دەڵێت لە تشرینی دووەمی 2016 سوپای عێراق‌و میلیشیا شیعەكان موسڵیان ئازادكرد،و مەسیحییەكان بەرەبەرە دەستیانكرد بە گەڕانەوە، بەڵام بینیان توندەڕویی ئیسلامی سوننە گۆڕاوە بۆ جۆرێكی نوێ لە توندڕەویی ئیسلامیی. نوسەرەكە دەڵێت مەسیحییەكانی باكوری عێراق كەمبوونەوە‌و موسوڵمانەكان شوێنیان گرتنەوە كە زۆرینەیان شیعەن‌و سەر بەو میلیشیایانە كە ئێران پشتگیرییان دەكات‌و قەشە پینۆكاش دەڵێت:" ئەوان دەیانەوێت مەسیحییەكان لە وڵاتەیان هەڵبكەنن. نوسەری راپۆرتەكە لە كۆتایی راپۆرتەكەیدا دەڵێت: ئێستا نەینەوا رووبەڕووی پاكتاوی رەگەزی دەبێتەوە، نەك تەنها لە ئەنجامی توندوتیژی جیهادییەكانەوە، بەڵكو بەهۆی هەژاریی و هەستنەكردن بە نەبوونی ئاسایشەوە.  


( درەو میدیا): ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا داوا لە ئەڵمانیا دەكات هێزی زەمینی بۆ هاوكاریكردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات‌و جێگرتنەوەی بەشێك لە هێزەكانی ئەمریكا رەوانەی باكوری خۆرهەڵاتی سوریا" رۆژئاوای كوردستان" بكات. جیمس جێفری نێردراوی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی " ڤێڵت ئەم زۆنتاگ"ی ئەڵمانی داوای لە حكومەتی ئەڵمانیا كرد هێزی زەمینی‌و پسپۆری مەشق‌و راهێنان‌و لۆجیستی سوپای ئەڵمانیا رەوانەی رۆژئاوای كوردستان بكات. جێفری لەو چاوپێكەوتنەدا دەڵێت:" دەمانەوێت هێزی ئەڵمانیا جێگەی بەشێك لە هێزەكانمان بگرێتەوە"‌و پێشبینیشیكرد پێش ئەم مانگە بەرلین وەڵامی ئەو داواكارییەی واشنتۆن بداتەوە. جێفری لە بەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەیدا ئاشكرایكرد واشنتۆن بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت كە هاوبەشەكانی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەشداربن لە سوریاو باوەڕیشیان وایە لە كۆتاییدا سەركەوتوو دەبن. ئەڵمانیا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە فڕۆكەی چاودێری جۆری تۆڕنادۆ‌و دابینكردنی سوتەمەنی بۆ فڕۆكەكان لە ئوردن‌و راهێنان‌و مەشقی هێزە سەربازییەكانی عێراق بەشدارە.


(درەو میدیا): خانەوادەی ( ئالان كوردی) ئەو منداڵەی كە ساڵی 2015 لە كەناراوەكانی توركیا گیانی لەدەستدا، رەتیدەكەنەوە چیرۆكی مەرگی منداڵەكەیان بكرێتە فیلم‌و پاساویشیان بۆ رەتكردنەوەی ئەوەیە نایانەوێت ئەو رووداوە غەمگینەیان بێتەوە یاد. ئەمەش دوای ئەوەی عومەر ساراكایا، دەرهێنەری تورك فیلمێكی لەو بارەیەوە دروستكردووەو ریكلامی فیلمەكەی لە تۆڕی ئینتەرنێت بڵاوكردەوە, تیما كوردی، پوری ئالان لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی ( سی بی ئێس)ی كەندی رایگەیاند ئەو جۆرە  فیلمە بەلای ئێمەوە قبوڵكراو نیەو نیگەرانی خۆشی دەربڕی لەوەی كە ئەو دەرهێنەرە هیچ پرسێكی پێ‌ نەكردون. بەوتەی تیما, عەبدوڵای براشی باوكی ئالان كە لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێیەدژی بیرۆكەی بە فیلمكردنی روداوی مردنی منداڵەكەیەتی‌وجەختیكردوەتەوە كە باوەڕناكات كەس پێی خۆش بێت مردنی كوڕەكەی لە شاشەی سینەماكانەوە نمایشبكرێت. تیما كە كتێبێكی لەسر مەرگی ئالان نوسیوە راشیگەیاند خانەوادەكەیان چەندین پێشنیاری بۆ وێنەگرتنی هەڵاتنیان لە سوریاوە بۆ یۆنان رەتكردەوەتەوە. عومەر ساراكایا، سیناریست‌و دەرهێنەری فیلمەكە ریكلامێك‌و چەند وێنەیەكی قۆناغەكانی تۆماركردنی فیلمەكەی لە تۆڕی ئینتەرنێت بڵاوكردەوە كە ناونیشانی فیلمەكە بریتیە لە " ئایلانی كۆرپە- دەریای مەرگ)‌و یەكێك لەو ئەكتەرانەشی كە بەشداری تێداكردووە ئەكتەری ئەمریكی سیڤن سیگالە. ساراكایا لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی ( سی بی ئێس) رایگەیاند فیلمەكەی تەنها باس لە چیرۆكی ئەو خێزانە كوردە ناكات، بەڵكو بەشێوەیەكی گشتی لەسەر قەیرانی كۆچو پەنابەرییە، لەبەرئەوەشە ناونیشانی فیلمەكەی بریتیە لە ( ئالانی كۆرپە)نەك ( ئالان كوردی). سەرچاوە: DW


( درەو میدیا): لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی، یاریزانی یانەی بەرشلۆنە بەگوێرەی هەموو چاودێرانی جیهانی تۆپی پێ كاندیدی یەكەم بوو بۆ بردنەوەی خەڵاتی تۆپی زێڕینی ئەم وەرزە، بەڵام دوای ماڵئاواییكردنی بەرشلۆنە لە خولی یانە پاڵەوانی ئەوروپا لەسەر دەستی یانەی لیڤەرپوڵی ئینگلیزی، هێشتا مێسی چانسی بردنەوەی ئەو خەڵاتەی ماوە؟ یان جارێكی تر پێشبینییەكان گۆڕانكارییان بەسەردا دێت‌و مێسی گەورەترین دۆڕاو دەبێت تێیدا؟ وادەردەكەوێت ئەو شكستە قورسە كەمەرشكێنەی كە شەوی سێشەممە بەر بەرشلۆنە كەوت لە خولی پێش كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپادا لەلایەن یانەی لیڤەرپوڵەوە ، لە كۆتایی ئەم وەرزەدا كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر بردنەوەی خەڵاتی تۆپی زێڕینی گۆڤاری " فرانس فوتبوڵ"ی فەرەنسیی كە مێسی خەونی پێوە دەبینی‌و یەكێك بوو لە ئامانجە تایبەتەكانی خۆی لەم وەرزەدا. ماڵئاواییكردنی بەرشلۆنە لە خولی چامپیۆنزلیگو سەرنەكەوتنی بۆ یاری كۆتایی بۆ دووەمساڵ لەسەریەك پێشبینی نەكراو، نە لەلایەن هەواداران‌و جەماوەریی یاری تۆپی پێەوە نە لەلایەن جەماوەری یانە كەتەلۆنییەكەوە، هەتا لەلایەن یانەی لیڤەرپوڵیشەوە بە تایبەتی دوای ئەوەی راهێنەری ئەڵمانی یانە ئینگلیزییەكە یۆگن كلوپ پێش یارییەكە  بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند كە چانسی سەركەوتنی تیپەكەی بۆ یاری كۆتایی زۆر كەمە، بە تایبەتی مێسی لەم ماوەیەی دواییدا دەریخستووە كە باشترین یاریزانی جیهانە. بەڵام دیارە بارودۆخەكە لە بەرژەوەندی مێسی‌و هاوڕێكانی نەشكایەوە، ئەمساڵ بۆ دووەمجار هەلیان بۆ رەخسا بۆئەوەی وەك ساڵی2009 و 2015 لە سەردەمی گواردیولاو ئەنریکیدا سێ‌ نازناوە گرنگەكە بەدەستبهێنن، بەڵام دۆڕاندنەكەیان بەرامبەر بە لیڤەرپوڵ ئەو چانسەی نەهێشتو رەنگە بەرشلۆنە لە كۆتایی ئەم وەزرەدا جگە لە نازناوی خولی ئیسپانیی هیچ نازناوێكی تر نەباتەوەو بەرشلۆنە بەباشی درك بەوە دەكات كە ئەو یارییەی كە ماویەتی بۆ بەدەستهێنانی نازناوی جامی شای ئیسپانیا لە 25ی ئایاری 2015 زۆر قورس‌و ئاڵۆز دەبێت، دوای شكستهێنان لە تێپەڕاندنی لیڤەرپوڵ بە تایبەتی كە بەرشلۆنە بە یاری چوندا بە سێ‌ گۆڵی خاوێن یارییەكەی بردبوەوەو بەڵام شكستە گەورەكەی لە یاری گەڕانەوەدا كاریگەری زۆری دەبێت بۆسەر دەروونی یاریزانەكانی. بەوتەی شارەزایانی بواری وەرزش، بەدەستهێنانی خەڵاتی تۆپی زێڕینی ئەم وەرزە بۆ مێسی زۆر قورس و زەحمەت بووە، بە تایبەتی كە بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتە پەیوەندی هەیە بە بەدەستهێنانی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپاوە، لە ساڵی 2007ەوە براوەی خەڵاتی تۆپی زێڕین لەو یانەیەدا بووە كە نازناوی چامپیۆنز لیگی بردوەتەوە، جگە لە كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ساڵی 2013دا. ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە ئەگەر مێسی ئەو خەڵاتی باڵۆن دۆر نەباتەوە، كێی تر دەیباتەوە؟ هەندێك باوەڕیان وایە كە ئەگەر یانەی تۆتنهام جامی یانە پاڵەوانەكانی ئەم وەرزە بەدەستبهێنێت كە لە یاری كۆتاییدا رووبەڕووی لیڤەرپوڵ دەبێتەوە، ئەوا خەڵاتەكە رەنگە بە هاری كاین یەكێك دەبێتە لە پاڵێوراوە سەرەكییەكانی ئەو خەڵاتەن بەڵام ئەگەر لیڤەرپوڵ جامەكە بەدەستبهێنێت ئەوا یاریزانی میسری محەمەد سەڵاح شیاوە بۆئەوەی ئەمجارە ئەو خەڵاتە گەورەیە بەدەستبهێنێت، بە تایبەتی ئێستا ئەو بە تۆماركردنی 22 گۆڵ لە پێشەنگی گۆڵكارانی خولی ئینگلیزیی دایە، هەروەها هاوڕێ‌ بەرگریكارەكەی فێرجیل ڤان دایكیش پاڵێوراوە دوای ئەوەی وەك باشترین یاریزانی ئەم وەرزەی خولی ئینگلیزی دیاریكرا.  ئەو پرسیارەی دەمێنێتەوە ئەوەیە ئایا دەكرێت مێسی باڵۆن دۆری ئەم وەرزە بباتەوە؟ ئێستا دۆخەكە بۆ ئەو زۆر ئاڵۆز بووە و وادیارە هەموو كارتەكانی بۆ بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتە لە دەستدا نەماوەو بە دۆڕاندنی یانەكەی لە بەرامبەر لیڤەرپوڵ مێسی گەورەترین هەلی بردنەوەی خەڵاتەكەی لەدەستداو كۆتایی 2019ش دەردەكەوێت كە خەڵاتەكە بە نسیبی كام یاریزانە دەبێت.  


(درەو میدیا): ئەنجومەنی رۆشنبیری بەریتانی داوای لێبوردنی لە نوسەری بەناوبانگی ئینگلیزی " جۆرج ئۆرۆیل" كرد، بەهۆی رەتكردنەوەی بڵاوكردنەوەی وتارێكی 70 ساڵ لەمەوبەر. داوای لێبوردنەكە نیشانی دەدات كە هەتا باشترین نوسەرەكانیش وتارەكانیان رەتدەكرێتەوە، بەڵام ژمارەیەكی زۆریشیان پێشبیی ئەوەیان نەكردووە كە داوای لێبوردنیان لێدەكرێت بە تایبەتی دوای تێپەڕینی 70 ساڵ. جۆرج ئۆرۆیل كە نوسەری هەردوو رۆمانی بەناوبانگی " 1984" و " مەزرای ئاژەڵان"ە وتارەكەی بەناونیشانی " بەرگریكردن لە چێشتخانەی ئینگلیزی" نوسیوە و ئەو كاتە ئەنجومەنی رۆشنبیری بەریتانیی كە بایەخ بە پەیوەندییەكانی بەریتانیا دەدات لەگەڵ وڵاتانی تر جۆرج ئۆرۆیلی ئاگاداركردوەتەوە كە " دانایی نییە ئەم وتارە بۆ خوێنەری نابەریتانیی بڵاوبكرێتەوە. سەرنوسەری ئەنجومەنەكە وتارەكەی بە " نایاب" وەسفكردووە، بەڵام راشیگەیاندووە كە تێبینی كەمیان لەسەری هەیە، یەكێك لەوانەش باسكردنی جۆرج ئۆرۆیل لە چۆنیتەی دروستكردنی مرەبای پرتەقاڵ " مارمالاید" لەبەرئەوەی رێژەیەكی زۆر شەكر و ئاوی تێدایە. ئۆرۆیل لە وتارەكەیدا سیستمی خۆراكی بەریتانیی بەوە وەسفكردوە كە " سیستمێكی سادە و قورسە" و رێگە دەدات بە " خواردنەوەی بڕێكی زۆر خواردنەوەی گەرم لە زۆربەی كاتەكانی رۆژدا". ئەلاسدیر دۆناڵدسۆن, گەورە لێكۆڵەری سیاسەتەكنی ئەنجومەنی رۆشنبیری بەریتانی دەڵێت:" دوادەردەكەوێت كە ئەو رۆژانە جۆرێك لە موحافیزكاری هەبوبێت و سەركێشیكردنی بەدوورگرتبێت، هەروەها ئەنجومەنە بەپەرۆش بووە كە خۆی لە نوسین دەربارەی خۆراك بەدووربگرێت. دەشڵێت:" ئەنجومەنی رۆشنبیری بەریتانیا دوای زیاتر لە 70 ساڵ بڕیاریدا ئەگەر كەمیش بێت هەڵەیەكی راستبكاتەوە كە بەرامبەر بە گەورەترین نوسەری سیاسی لە بەریتانیادا كردویەتی لە سەدەی بیستەمدا، ئەوەش لە رێگەی دووبارە بڵاوكردنەوەی تەواوەتی وتارەكە و وتاری رەتكردنەوەكە. سەرچاوە: بی بی سی


( درەو میدیا): چەندین چیرۆكی ئیلهامبەخش و سەرنجڕاكێشمان دەربارەی ئەستێرە بەناوبانگەكانی هۆڵیود خوێندوەتەوە یان بیستومانە، ئەو ئەستێرانەی كە تێكۆشاون بۆ گەیشتن بە لوتكەی ناوبانگ و پێكەوەنانی سامانێكی زۆر، بەڵام هەندێك لەوانە ئەو سامانەی بەفیڕۆداوە و لە قەرزدا نقومبووە و لە كۆتاییدا مایەپوچبوونی راگەیاندووە و كورد وتەنی هاتوەتە سەر ساجی عەلی، ئەوەش بەهۆی باج و خەرجیی جیابوونەوە لە هاوسەرەكانیان و خەرجی چاودێری و بەخێوكردنی منداڵەكانیان، لێرەدا تیشكدەخەینە سەر چەند ئەستێرەیەكی بەناوبانگی جیهان كە گەیشتونەتە ئەو قۆناغە. * بامێلا ئەندرسۆن وادەردەكەوێت كە ژیانی كەسە دەوڵەمەند و بەناوبانگەكان زۆر خۆش بێت و پارەو سامانی زۆری تێدا خەرجبكرێت، بەڵام ئەوانیش روووبەڕووی كێشەی دارایی وادەبنەوە كە دەبێتە هۆی مایەپوچبونیان، بامێلا ئەندرسۆن ئەستێرەی زنجیرەی " بای وۆچ" ساڵی 2009 مایەپوچبوونی خۆی راگەیاند، ئەوەش بە گوێرەی سایتی " زە راپ" ئەمریكی تایبەت بە هەواڵی كەسایەتییە بەناوبانگەكان. خولیا و عەشقی بامێلا بۆ جوانكاری و نوێكردنەوەی بەردەوامی ماڵەكەی و باج نەدان، ناچاریانكرد ئەو ماڵەی بفرۆشێت كە بەهاكەی 7.75 ملیۆن دۆلار بوو.   * بێرت رینۆڵدز یەكێك بوو لە دیارترین ئەستێرەكانی سینەمای ئەمریكی لە حەفتاكاندا و ساڵی 2018 كۆچی دواییكرد،  ناوبانگێكی زۆری لە رۆڵیدا لە فیلمی " Deliverance " بەدەستهێنا و پاشان بووە ئەفسانەی هۆڵیود لە رۆڵە سەركەوتووەكانی لە فیلمەكانی سمۆكی و باندیت و ئەوانی دیكەدا. رینۆڵدز رووبەڕووی چەندین قەیران بوەوەو بەهۆیەوە بەشێكی زۆری سامانەكەی لەدەستدا، لەسەروو هەمویانەوە خەرجی جیابوونەوەی لە هاوسەرەكەی كچە ئەكتەری ئەمریكی " لۆنی ئەندرسۆن" لە ساڵی 2011دا و پاشان یەكێك لە كۆمپانیاكانی بواری خانوبەرە هەڕەشەی ئەوەی لە رینۆڵدز كرد كە دەست بەسەر خانوەكەیدا دەگرن, بەهۆی قەرزەكانیەوە كە گەیشتبووە 1.2 ملیۆن دۆلار.   * مایك تایسۆن هەرچەندە سامانەكەی تایسۆن گەیشتبووە نزیكەی 400 ملیۆن دۆلار لەماوەی 20 ساڵدا، بەڵام ئەو یاریزانە ئەفسانەیەی بۆكسێنی ئەمریكا هەموو سامانەكەی بەتەواوەتی لەدەستدا. بە گوێرەی سایتی " بزنس ئینسایدەر"  تایسۆن ساڵی 2003 مایەپوچبوونی خۆی راگەیاند، دوای ئەوەی هەموو ئەو سامانەی لە خۆشی و خولیاكانیدا خەرجكرد، تایسۆن زۆر حەزی لە پڵنگی بەنگالی بوو، هەتا ئەو رادەیەی ژمارەیەكی زۆری لێ كڕیبوون كە بەهای هەر دانەیەكیان بە 140 هەزار دۆلار خەمڵێنراوە.   * نیكۆلاس كەیج: سامانی كەیج گەیشتە زیاتر لە 150 ملیۆن دۆلار، بەڵام دوای ئەوەی قەرزەكانی بەهۆی درەنگ باجدانەوە گەیشتە نزیكەی 6.5 ملیۆن دۆلار، مایەپوچبوونی خۆی راگەیاند و ئێستا بە سامان و كەلوپەلەكانی قەرزەكانی دەداتەوە. كەیج 50 ئۆتۆمبیلیی وەرزشی هەبوو لەگەڵ پەیكەری دایناسۆرێك كە تەمەنەی 65 ملیۆن ساڵ بوو، لەگەڵ دوو یەخت و سێ‌ قەڵای مێژوویی كە بە چەندین ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندران، هەروەها كەیج پێش مایەپوچبوونی دوو دوورگەی لە ئەلبهاما كڕی لەگەڵ 15 كۆشك لە چەند شوێنێكی جیهان، ئەوەش بە گوێرەی سایتی " هۆڵیود ریپۆرتەر". * كیم باسینگەر ئەم كچە ئەكتەرە ئەمریكییە ساڵی 1993  مایەپوچبوونی خۆی راگەیاند, ئەوەش دوای دۆڕاندنی كەیسێكی دادگا بەبەهای 8.1 ملیۆن دۆلار بە كۆمپانیای " Main Line Pictures " بۆ دەستبەرداربوونی لە فیلمی " Boxing Helena ", هەروەها ناچاربوو پرۆژەكانی وەبەرهێنانی بفرۆشێت كە گەیشتە 20 ملیۆن دۆلار و لە شارۆچكەی براسیلتۆن لە ویلایەتی جۆرجیا ئەمریكی ئەنجامیدابوون. * فیفتی سێنت گۆرانیبێژی بەناوبانگی راپ ساڵی 2008 رووبەڕووی یەكەمین كێشەی دارایی بوەوە، دوای زیانكردنی لە پشكەكانی لە بۆرسەدا و لە ساڵی 2015ش قەرزەكانی سەری گەیشتە  32.5 ملیۆن دۆلار, بەهۆی سكاڵا و خەرجی هاوسەری پێشووی و بەوەش ساڵی 2016 مایەپوچبوونی خۆی راگەیاند، بەڵام دواتر بۆی دەركەوت كە چەند دراوێكی " بیتكۆین"  دەستكەوتووە بەهۆی فرۆشتنی یەكێك لە ئەلبومی گۆرانییەكانی كە لە بیری نەبووە و ئێستا بەهای ئەو بیتكۆینە لە نێوان 7 بۆ 8 ملیۆن دۆلاردایە. * لیندسی لۆهان ئەم ئەكتەرە بەناوبانگە دووچاری چەندین كێشەی دەرونیی و دارایی بوەوەو و بەهۆیەوە دۆخی ئابوری و دەرونی تێكچوو، لۆهان بەهۆی ئالودەبوون بە وەرگرتنی چارەسەر، چووە زیندان و ژمارەیەكی زۆر سەنتەری راهێنانەوە و قەرزی زۆری لەسەر كەڵكە بوو لە كۆتاییدا قەرز و باجە كەڵەكەبووەكانی سەری گەیشتە 233 هەزار دۆلار، ناچاربوو 100 هەزار دۆلار لە چارلی چینی ئەكتەر وەربگرێت بۆ دانەوەی بەشێك لە قەرزەكانی و پاشان دواتر بەهۆی بەشداریكردنیدا لە بواری ریكلامدا نزیكەی ملیۆنێك دۆلاری بەدەستهێنا. سەرچاوە: DW  


( درەو میدیا): ژمارەیەكی زۆر لە یاریزانە بەناوبانگەكانی جیهانی تۆپی پێ دوای كۆتاییهاتنی گرێبەستەكانیان، ئێستا بەدوای یانەیەكدا دەگەڕێن بەبێ‌ مەرج گرێبەستیان لەگەڵدا ئیمزا بكەن،  ئەگەرچی ئەو یاریزانانە رۆژانێك بوو یارییان بۆ یانە بەناوبانگ و گەورەكانی ئەوروپا كردووە و نازناوی گەورەترین پاڵەوانێتی و خەڵاتی تایبەتیان بەدەستهێناوە، بەڵام ئێستا بێ‌ كارن و بەدوای كاردا وێڵن: رۆبەرت هوك ( 34 ساڵ) یاریزانی هێڵی بەرگری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، سەرەتای 2019 كاروانی یاریكردنی وەك یاریزانێكی پیشەگەر كۆتاییهات، ئەو یاریزانە كە دووجار لەگەڵ یانەی چێڵسی و جارێك لەگەڵ یانەی لیستەر نازناوی خولی یانە نایابەكانی ئینگلتەرا " پریمەرلیگ"ی بەدەستهێناوە، هاوینی رابردوو گرێبەستەكەی لەگەڵ لیستەر كۆتاییهات و بەبێ‌ یانە مایەوە و بەبێ‌ دەنگی وازی لە یاری تۆپی پێ هێنا. پاتریس ئیڤێرای فەرەنسی( 37 ساڵ) هێشتا وازهێنانی لە یاریكردن رانەگەیاندووە، هەرچەندە دوای كۆتاییهاتنی گرێبەستەكەی لەگەڵ  یانەی وێستهام یونایتدی ئینگلیزی وەرزی رابردوو، ئێستا یاری بۆ هیچ یانەیەك ناكات، ئەو یاریزانە بەناوبانگە كە چەندین نازناوی لەگەڵ چەند یانەیەكی فەرەنسی و ئیتالی و ئینگلیزی بەدەستهێناوەو بەهۆی رەفتار و ئاكارییەوە زیاتر لە جارێك بە راگرتن لە یاریكردن سزا دراوە. دوای دووركەوتنەوەی جۆزێ‌ مۆرینۆ لە یانەی مانچستەر یونایتد، پۆڵ پۆگبا سەرلەنوێ گەڕایەوە بۆ یاریكردن، بەڵام فلۆرەنتین پۆگبای برای ( 28 ساڵ) ئێستا هیچ یانەیەكی دەستناكەوێت یاری بۆ بكات، فلۆرەنتین تائێستا یاری بۆ چەندین یانەی فەرەنسی كردووە و هەتا هاوینی رابردووش یاری بۆ یانەی گانجلەر بیرلیەی ئەنكەرەی توركیا دەكرد، بەڵام لەوكاتەوە بێ كارە. یایا تۆرێی كۆتدیڤواری( 35 ساڵ), لەگەڵ "ئیتۆ" دا خاوەنی ژمارەی پێوانەییە لە بردنەوەی خەڵاتی یەكێتی ئەفریقا " كان" بۆ باشترین یاریزانی ئەفریقا و چوارجار ئەو نازناوەی بەدەستهێناوە، هەروەها لە كاروانی وەرزشیدا لەگەڵ یانەی ئۆڵۆمپیاكۆس و بەرشەلۆنە و مانچستەرسیتی لەسەر ئاستی یانە چەندین نازناوی بەدەستهێناوە. دوای رۆیشتنی پیپ گواردیۆلا، راهێنەری بەرشەلۆنە بۆ مانچستەرسیستی، وەرزی رابردوو تۆرێ‌ لە مانچستەر سیتی شوێنی یاریكردنی لەدەستدا و گەڕایەوە بۆ یانەی پێشووی ئۆڵۆمپیاكۆس بیرایۆسی یۆنانی و هەتا كانونی یەكەمی رابردوو مایەوە و بە لێكتێگەیشتن كۆتایی بە گرێبەستەكەی هێنا و ئێستا چاوەڕوانی هەلێكە لە یانەیەكی نوێیوە. جۆن ئۆبی میكێلی نایجیری ( 31 ساڵ) سێجار نازناوی پریمەرلیگی لەگەڵ یانەی چێڵسی لەندەنی بەدەستهێناوە, ساڵی 2017 چووە یانەی تیانجین تیدای چینی و مانگی ئازاری رابردووش گەیشتە میسر بۆئەوەی یاری بۆ یانەی زەمالك بكات، بەڵام گرێبەستەكەی بە ئەنجام نەگەیشت و چەند هەفتەیەك لەمەوبەر گرێبەستی لەگەڵ یانە چینیەكە كۆتایی پێهێنا و هێشتا روون نەبوەتەوە كە دەچێتە ریزی یانەیەكی تری چینی یان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوروپا. گۆڵكاری ئیتالی جۆسیپی رۆسی( 31 ساڵ) یاریزانێكی ترە كە بەدوای یانەیەكی نوێدا دەگەڕێت، رۆسی كە چەندین جار دووچاری پێكان بوو، هەتا وەرزی رابردووو یاریزانی یانەی جەنەوا بوو، هەتائێستا رۆسی لەو یانانەی یاری بۆ كردوون 90 گۆڵی تۆماركردووە و لەو ژمارەیەش 64 گۆڵی لە خولی ئیسپانی تۆماركردووە و ئاستێكی ناوازەی لەگەڵ یانەی ڤیاریاڵ پێشكەشكرد. هێرشبەری ئینگلیزی بەرەگەز نایجیری, گابریێل ئەگبونلاهور( 32 ساڵ) لەماوەی 13 ساڵ یاریكردنی بۆ یانەی ئەستۆن ڤێلا، 75 گۆڵی تۆماركردووە، بەڵام لە هاوینی رابردووەوە بێ‌ یانەیە. ئەستێرەی بوڵگار دیمیتار بێرباتۆڤ ( 37 ساڵ) بۆماوەی چەندین ساڵ لە خولی روسی و ئەڵمانی و ئینگلیزی و فەرەنسی درەوشایەوە, پاشان چەند مانگێك یاری بۆ یانەی باوك ساڵۆنیكی یۆنانی كردو دواتر چووە یانەی كرالا پلاستەرزی هیندستان بۆ یەك وەرز و ئێستا هیچ یانەیەكی نیە یاری بۆ بكات. سەرچاوە DW


( درەو میدیا): ئەنیس كانتەر، یاریزانی پیشەگەری تۆپی باسكە كە نیشتەجێی ئەمریكایە لە ترسی تیرۆركردنی لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە گەشتێكی بۆ بەریتانیا و بەشداریكردن لە یارییەكدا هەڵوەشاندەوە كە بڕیارە 17ی ئەم مانگە لە لەندەنی پایتەخت و لە گۆڕەپانی O2 بەڕێوەبچێت. كانتەری تەمەن 26 ساڵ،  یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی تیمی " نیویۆرك نیكسە" لە لێدوانێكیدا بۆ " بی بی سی " لە رێگەی تەلەفۆنەوە، هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی گەشتەكەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، بە ئاشكرا قسە دژی ئەردۆغان دەكات و ئەوەش وایكردووە هەست بە ئارامی نەكات و گەشتەكەی بۆ بەریتانیا هەڵبوەشێنێتەوە.  كانتەر وتی:" مایەی غەمبارییە، چونكە حەزم لە هاری پۆتەرە و زۆر ئارەزوو دەكەم هەموو لەندەن ببینم، بەڵام ناتوانم سەركێشی بكەم" وتیشی:" ناڵێم ئەردۆغان تیرۆرم دەكات لە لەندەن، بەڵام چەندین كەسی لایەنگری بێ‌ بەرامبەری هەیە لەوێ‌". كانتەر یەكێك لەو كەسانەی كە رەخنەی توند لە رەجەب ئەردۆغان دەگرێت و  لە یەكێك لە لێدوانەكانیدا ئەردۆغانی بە " هیتلەری ئەم سەدەیە" وەسفکرد.


( درەو میدیا): دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەردەوام هەڵوێستی نەرێنی و دژی بەرابمەر پرسی گۆڕانكاری كەشوهەوا و رێككەوتننامەی پاریسی تایبەت بە كەشوهەوا هەیە و ئەوەش وایكرد كە گیانەوەرێكی نوێ بەناوی ئەوەوە ناوبنرێت.  ئەو گیانەوەرە كە ناونراوە " دۆناڵد ترەمپ" گیانەوەرێكیی وشكاوەكییە و لە پەنەما دۆزراوەتەوە و بەوە ناسراوە كە كوێرە و سەری لەلمدا نقومدەكات و سەرۆكی كۆمپانیای : ئینفایرۆبیڵد" ئەو ناوەی هەڵبژاردووە و لەبەرامبەر ئەو مافەشدا 25 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی داوە.  كۆمپانیاكە دەڵێت ئامانج لەو كارەی بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیارییە دەربارەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا. ئەیدان بیڵ، كە هاوبەشێكی دامەزرێنەری كۆمپانیاكەیە رونیكردەوە كە ئەم جۆرە لە گیانەوەر زۆر هەستیارە بە كاریگەرییەكانی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا، لەبەرئەوە لە بەردەم هەڕەشەی لەناوچوندایە و ئەوەش ئەنجامێكی راستەوخۆیە بۆ ئەو رێوشوێنانەی كە ئەو كەسەی گیانەوەرەكەی بەناوەوە كراوە دەربارەی كەشوهەوا گرتویەتییەبەر. ئاشكراشكیدر ئەو گیانەوەرە زۆر بچوكە و نابینێت و لەژێر زەویدا دەژی. زاناكان كۆكن لەسەر ئەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا دیاردەیەكە هۆكارە سەرەكییەكەی چالاكییەكانی مرۆڤە، بەڵام ترەمپ زاناكانی تۆمەتباركرد كە " ئەجێندای سیاسی" یان هەیە و گومانیشی لەوەیە كە مرۆڤ بەرپرسی سەرەكی بێت لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای گۆی زەوی. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا تشرینی یەكەمی رابردوو لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی " سی بی ئێس" دەربارەی دیاردەی گۆڕانكاری كەشوهەوا، وتی:" نازانم كە ئەوە كاری مرۆڤ بێت". وتیشی:" نكوڵی لە گۆڕانكاریی كەشوهەوا ناكەم، بەڵام باوەڕم وایە كە پلەی گەرما جارێكی تر نزمدەبێتەوە". هاوكات ترەمپ گومانی خۆشی نیشاندا بەرامبەر بە راپۆرتێكی حكومەتەكەی كە ئاماژەی بەوەداوە گۆڕانكارییەكانی گەشوهەوار ساڵانە چەندین ملیار دۆلار لەسەر ویلایەتە یەكگرتووەكان دەكەون. ترەمپ لە بارەی ئەو راپۆرتە وتی:" باوەڕ بەوە ناكەم". ترەمپ دوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكی ئەمریكا كشانەوەی واشنتۆنی لە رێككەوتنی پاریس بۆ نەهێشتنی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوای راگەیاند و پاساویشی بۆ كشانەوە لەو رێككەوتنە ئەوەبوو كە زیان بە بەرژەوەندییی كۆمپانیاكان و كرێكاران دەگەیەنێت لە ئەمریكا. سەرچاوە: بی بی سی



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand